پوتین یاسای هەڵپەساردنی پەیماننامەی New START ی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکای پەسەند کرد

دوایین نوێکردنەوە 2023-03-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین یاسای هەڵپەساردنی پەیماننامەی کەمکردنەوەی چەکی ستراتیژیی (New START) پەسەند کرد کە بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی توانای مووشەکی ئەتۆمی بالیستیی کیشوربڕ لە نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا ئەنجامدرابووە.

بەپێی ئەو یاسایەی کە واژووی پوتینی لەسەرە و لە سیستەمی زانیاری یاسایی سەر بە دەوڵەتی رووسیا بڵاوکراوەتەوە، پەیماننامەی New STARTی نێوان رووسیا و ئەمریکا هەڵپەسێردراوە.

بەپێی یاساکە، بڕیاری دووبارە گەڕانەوەی وڵاتەکە بۆ ئەو پەیماننامەیە لەلایەن سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتینەوە دەدرێت.

سەرۆکی رووسیا رۆژی ٢١ شوبات لە گوتارێکیدا لە ئەنجوومەنی فیدڕاڵی هەڵپەساردنی بەشداریکردنی رووسیای لە پەیماننامەی New START راگەیاند.

ئەنجوومەنی دۆمای رووسیا کە بەشێکە لە پەرلەمانی رووسیا، لە ٢٢ی شوباتدا یاسای هەڵپەساردنی پەیماننامەکەی پەسەند کردبوو.