رووسیا: "ئۆکرانیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پەلاماری نیمچەدوورگەی کریمیای داوە"

دوایین نوێکردنەوە 2023-03-01 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشەنکۆڤ رایگەیاند ئۆکراینا لە رێگای بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە پەلاماری گەورەی بۆ سەر نیمچەدوورگەی کریمیا ئەنجام داوە.

کۆناشەنکۆڤ لە راگەیەندراوێکدا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە ئۆکراینا پەلاماری نیمچەدوورگەی کریمیای داوە، وتی: "رێگە لە هەوڵێکی گەورەی پەلاماردان گیراوە کە لە رێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کراوەتە سەر نیمچەدوورگەی کریمیا".

ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە ئاکامی بەرپەرچدانەوەی پەلامارەکەدا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە و چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەیش لە رێگای ئامێرە جەنگییە ئەلیکترۆنییەکانەوە تێک شکێندراون، پەلامارەکانیش زیانیان لێ نەکەوتووەتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشەنکۆڤ سەرنجیشی خستە سەر ئەوەی کە تاکوو ئێستا ئۆکراینا، ٣٩١ فڕۆکە، ٢١١ کۆپتەری جەنگی، سێ هەزار و ٢٨١ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٤٠٦ سیستەمی بەرگری ئاسمانی، هەشت هەزار و ٨٧ تانک و زرێپۆش، هەزار و ٤٥ سیستەمی فرەهاوێژی موشەک، چوار هەزار و ٢٤٠ گوللە تۆپ و هاوەن، هەشت هەزار و ٦٢١ ئۆتۆمبێلی سەربازیی لەدەستداوە.