دیجیتاڵ میدیای سپێده
لە کاتێکدا لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکانی ژەهراویبوونی بەکۆمەڵ لە قوتابخانەکانی شارە جیاوازەکانی ئێران کە ماوەی سێ مانگە روو دەدات بەردەوامە، لە پارێزگای ئەردەبیل زیاتر لە ٤٠٠ قوتابی دیکە ژەهراوی بوون.
ماڵپەڕی 'Asriran' بڵاوی کردەوە، سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەردەبیل، عەلی موحەمەدیان رایگەیاندووە کە دوێنێ لە ١١ قوتابخانەدا، زیاتر لە ٤٠٠ قوتابی دیکە ژەهراوی بوون.
عەلی موحەمەدیان باسی لەوە کرد کە ٣٠٢ لە قوتابییەکان دوای چەند کاتژمێرێک لە وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی نەخۆشخانەیان جێهێشتووە و ١٠٠ قوتابییش لەژێر چارەسەردان.
سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەردەبیل، عەلی موحەمەدیان هەروەها باسی لەوە کرد کە دۆخی تەندروستیی قوتابییەکان باشە و چارەسەری پێویستییان بۆ دەکرێت و دواتریش زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە دەخەنەڕوو.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران لە کۆبوونەوەی دوێنێیدا، وەزیری ناوخۆ، ئەحمەد واحیدی راسپارد بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوە گوماناوییەکانی ژەهراوی بوون.