لەئەمریكا بەهۆی نالەباری كەشوهەوا لانیكەم 10 كەس گیانیان لەدەستدا

دوایین نوێکردنەوە 2023-03-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

لەئەمریكا بەهۆی باهۆز و زریانەكانەوە كەژمارەیەكی زۆر لەویلایەتەكانی وڵاتەكەی گرتووەتەوە، لانیكەم 10 كەس گیانیان لەدەستدا.

بەهۆی باهۆز و زریانەكانەوە كەكاریگەرییان لەسەر كەنارەكانی خۆرئاوا وباكووری خۆرهەڵاتی ئەمریكا دروستكردووە، زیانێكی زۆریان لێكەوتووەتەوە و زیاتر لەیەك ملیۆن كەسیش بێ كارەبا بوون.

لەویلایەتی ئالاباما سێ كەس بەهۆی ئەوەی درەختیان لەئەنجامی رەشەبای بەهێز بەسەردا كەوتووە، گیانیان لەدەستداوە. هاوكات لەمیسیسیپی كەسێك بەهۆی ئەوەی درەختێك كەوتووەتە سەر ئۆتۆمبیلەكەی گیانی لەدەستداوە.

لەلایەكی دیكەوە لەویلایەتی ئاركانساس، دوای ئەوەی بارانی زۆر باریوە كەسێك لافاو بردوویەتی، لەویلایەتی تێنسی دیسان بەهۆی كەوتنی درەخت بەسەریاندا دوو كەس گیانیان لەدەستداوە. هاوكات لەسێ شارۆچكەی ویلایەتی كێنتاكی سێ كەس بەهۆی زریانەوە گیانیان لەدەستدا.

لەكاتێكدا فەرمانگەی نیشتمانی كەشوهەوای ئەمریكا بڵاویكردەوە، ئەو رەشەبا بەهێزەی بەمێژوویی ناوبردووە كەرۆژی هەینی وڵاتەكە دەخاتە ژێر كاریگەرییەوە وخێراییەكەی دەگاتە 128 كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا، وهەروەها زیاتر لەیەك ملیۆن كەس لەهەریەك لەویلایەتەكانی كێنتاكی وتێنسی ومیشیگن بەهۆی نالەباری كەشوهەواوە بێ كارەبا بوون.