هەولێر-KDP.info- بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕ كاتییە و بانكی ناوەندی هیچ كێشەیەكی لە كەمیی دۆلار نییە، بەڵام بە هۆی نەخۆشیی كۆرۆنا و داخستنی بەشێك لە نووسینگەكانی گۆڕینەوەی دراو، كەسانێك یاری بە بازاڕ دەكەن و دۆلار گران دەكەن، ئەمەش كاتییە و لە چەند رۆژی داهاتوودا نرخی دۆلار ئاسایی دەبێتەوە.
د. فازڵ نەبی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، كارێكی ئاساییە و زۆر جار لە بازاڕ جووڵە دەكەوێتە نرخی دۆلار، چونكە بازاڕ جووڵەی كەمە بە هۆی نەخۆشیی كۆرۆناوە، ئەمەش وای كردووە ئاڵوگۆڕ لە نێوان پارەی عێراقی و دۆلار كەم بێت، بۆیە ئەگەر نا هیچ كێشەیەك نییە و بانكی ناوەندی وەكو هەمیشە رۆژانە دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام لەلایەن كەسانێكەوە ك دۆلاریان دەست دەكەوێت، هەلەكە دەقۆزنەوە و بە گران دەیفرۆشن، هەر بۆیە دۆلار گران بووە، بەڵام ئەوەش كاتییە و چەند رۆژێك زیاتر ناخایەنێت.
نەبی گوتیشی، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاتییە و جێگەی مەترسی نییە، چونكە بانكی ناوەندی پارەی یەدەكی دۆلاری گەیشتووەتە 61ملیار دۆلار و ئەگەر بگاتە نزیكەی 30ملیار، ئەوكات مەترسی دروست دەكات، ئەگەر نا لە ئێستادا هیچ كێشەیەك نییە و زۆر نووسینگەش بە هۆی كۆرۆنا نەكراونەتەوە، بۆیە خەڵكانێك بازاڕیان قۆرغ كردووە و دۆلاریان گران كردووە، بەڵام لەچەند رۆژی داهاتوودا دۆلار وەكو پێشوو نرخەكەی ئاسایی دەبێتەوە.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، پێویستە حكوومەتی عێراق رێگری لەو كەسانە بكات و رێگە نەدات یاری بە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی دۆلار بكەن و بازار قۆرغ بكەن، بۆ ئەوەی دۆلار نرخی بەرز نەبێتەوە و بێگومانیش ئەو كارە دەكات و ئەو كێشەیە چارەسەر دەبێت.
دەشڵێ، لە عێراق هیچ كاتێك مەترسی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار نابێت، چونكە زیاتر لە 90%ی داهاتی عێراق بە دۆلارە، بۆیە ناتواندرێت بۆ ماوەیەكی زۆر نرخی دۆلار بەرز بكرێتەوە.
بڵند ئیبراهیم