لە ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ شەش کەس دەرکرا کە تۆمەتی ئەندامێتی بزووتنەوەی خەباتی عەرەبی بۆ رزگارکردنی ئەهواز-یان درابووە پاڵ.
ئاژانسیی هەواڵیی فەرمی ئێران بڵاوی کردوە، بەتاوانی سەرکردایەتیکردنی هێرشەکانی بزووتنەوەی خەباتی عەرەبی بۆ رزگارکردنی ئەهواز بۆسەر هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ساڵانی ٢٠١٨-٢٠١٩دا، هەریەکە لە عەلی موجەدەم و محەمەد رەزا موقەدەم، بەتۆمەتی ئەندامێتی بزووتنەوەکە و ئەنجامدانی پەلاماری چەکداری، موئمین حەنەفی، حەبیب دەرسی، عەدنان گابیشاڤی و سەلیم موسەوی بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرا.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە دەتوانرێت تانە لە بڕیارەکە بدرێت.
- بزووتنەوەی خەباتی عەرەبی بۆ رزگارکردنی ئەهواز
بزووتنەوەی خەباتی عەرەبی بۆ رزگارکردنی ئەهواز لە ساڵی ١٩٩٩دا لە پارێزگای خوزستان باشووری رۆژئاوای ئێران کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی عەرەبن دامەزراوە و لە ساڵی ٢٠٠٥دا، بەهۆی رووداوەکانی ئەهوازەوە ناوی دەرکرد.
ئەم بزووتنەوەیە خاوەنی کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنییە کە بە زمانی عەرەبی پەخش دەکات.
بانگەشەی ئەوەش دەکرێت کە ئەو هێرشەی لە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا لە میانی رێوڕەسمەکانی شاری ئەهواز تایبەت بە یادکردنەوەی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران، کرایە سەر هێزە سەربازییەکان، لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە ئەنجامدراوە. لەو هێرشەدا، ٢٥ کەس کوژران و ٦٠ی دیکەش برینداربوون.
سەرکردەی رێکخراوەکە، حەبیب فەرەجوڵڵا کەعب ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا.