دیجیتال میدیای سپێده
کۆریای باشوور لە سایەی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، رێژەی هەناردەکردنی چەکی بە رێژەی لەسەدا ١٤٠ زیادی کردووە بەمەش ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە.
بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنەی تایبەت بە پیشەسازیی بەرگریی کۆریای باشوور لە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا بڵاوکراوەتەوە، لەدوای جەنگی رووسیا و ئۆکرایناوە، گرنگیدان بە بەرهەمهێنانی چەک لە جیهاندا زیادیکردووە.
لە کاتێکدا هەندێک لە وڵاتانی دابینکەری چەک وەک ئەمریکا لە میانی جەنگدا لەگەڵ کەمی بەرهەمهێناندا دەجەنگن، کۆریای باشوور هەوڵ دەدات بە سیاسەتەکانی خۆی پشکی خۆی لە بازاڕی چەکدا زیاد بکات.
هەرچەندە کۆریای باشوور خۆی لە هەناردەکردنی راستەوخۆی چەک بە ئیدارەی کیێڤ دەپارێزێت بۆ ئەوەی زیان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیا نەگەیەنێت، بەڵام لە ساڵی رابردوودا، بڕێکی زۆر چەکی بە پۆڵەندا فرۆشتووە، هاوکات پۆڵەندا یەکێکە لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین هاوکاریی چەکی پێشکەش بە کیێڤ کردووە.
پسپۆڕ لە پەیمانگای ئاسان بۆ لێکۆڵینەوە لە سیاسەت، یانگ یوک ئاماژەی بەوە دا کە ئەگەری هەیە ئەو چەکەی کە لە کۆریای باشوور بەرهەمدەهێندرێت لە رێگەی وڵاتانی دیکەوە بگاتە دەست ئۆکراینا.
- کۆریای باشوور بە بەهای ١٢،٤ ملیار دۆلار چەکی بە پۆڵەندا فرۆشتووە
هەناردەی چەکی کۆریای باشوور لە ساڵی ٢٠٢٢دا، بە ١٧ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد، بەمەش رێژەی هەناردەکردن لەسەدا ١٤٠ زیادی کردووە. لەم ژمارەیەشدا بە بەهای ١٢ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار چەکی بە پۆڵەندا فرۆشتووە.
خواستی پۆڵەندا بۆ چەک بوو بە دەرفەتێکی باش بۆ سەرۆکی کۆریای باشوور، یون سیۆک-یۆل کە بەڵێنیدابوو تا ساڵی ٢٠٢٧ وڵاتەکەی بکاتە چوارەم گەورەترین هەناردەکاری چەک.
- کۆریای باشوور بووە هەشتەمین وڵاتی جیهان لە هەناردەکردنی چەکدا
بەپێی ئاماری دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی (SIPRI)، لەنێوان ساڵانی ٢٠١٧-٢٠٢١دا، کۆریای باشوور لە ریزبەندی هەشتەمی گەورەترین هەناردەکاری چەک بووە لە جیهاندا.
سەرۆکی کۆمپانیای بەرگریی هانوها، سۆن جای دووەم بەرگری لەوە کرد کە ئەمریکا ناتوانێت هەموو جۆرە چەکێک بەرهەم بهێنێت و رایگەیاند، هیوادارن بە بەرهەمهێنانی ئەو چەکانەی کە ئەمریکا چیتر دابینی ناکات یان ناتوانێت بەخێرایی پێویست دابینی بکات، هاوکاری ناتۆ بکەن.
سۆن جای دووەم گوتی: "پێگەی جیۆپۆلەتیکی وایکردووە کە پەرەپێدانی پیشەسازیی بەرگری چارەنووسی ئێمە بێت. کۆریای باشوور گرنگی بە بەرهەمهێنانی تۆپ، زرێپۆش و تانک دەدات".