بەرپرسێكی نەتەوە یەكگرتووەكان: مەزەندە دەكرێت زیانی بوومەلەرزەكانی توركیا 100 ملیار دۆلار تێبپەڕێنێت

دوایین نوێکردنەوە 2023-03-07 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

بەرپرسێكی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، مەزەندە دەكرێت زیانی بوومەلەرزەكانی توركیا 100 ملیار دۆلار تێبپەڕێنێت. نوێنەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە توركیا، لویزا ڤینتۆن لە رێگەی ڤیدیۆكۆنفرانسەوە لە شاری غازی عەنتاب-ەوە بەشداریی لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەدا كرد كە لە نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری جنێڤ- سویسرا بەڕێوەچوو.

ڤینتۆن رایگەیاند كە دوو ملیۆن و 700 هەزار كەس لە ناوچەكەدا بەهۆی بوومەلەرزەكانەوە ئاوارەبوون و نزیكەی 600 هەزار باڵەخانە یان شوێنكاریش رووخان. نوێنەری بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە توركیا، لویزا ڤینتۆن وتی: "ماڵ و خەون و یادگارییەكانی مرۆڤەكان لەژێر داروپەردوودا بەجێمان.

كارەساتێكی هێندە گەورە بوو كە 100 ملیۆن مەتر سێجا پاشماوەی بەوای خۆیدا هێنا كە ئەمەش بڕێكی زۆر گەورەیە".

ڤینتۆن وتیشی: "پەیامی ئێمە بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەوەیە كە لە رەهەندی ئەم كارەساتە تێبگەین. گرنگە جگە لە رووی داراییەوە لە رووی گەڕانەوەی كۆمەڵگا بۆ باری ئاسایی خۆیشی هاوكار بین. چەندین میكانیزمی داراییش هەن بۆ پشتگیریكردن لە دووبارە گەشەسەندنەوەی ناوچەكە".