هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، رۆژی یەكشەممە 48هەزار تۆن ئاردی مانگانە بەسەر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت. ئاماژەشیدا حكوومەت دەستی بە كڕینی خۆراك كردووە بۆ ئەوەی بە خۆڕایی بەسەر هاووڵاتیانی هەژاردا دابەشی بكات.
نەوزاد ئەدهەم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، 60هەزار تۆن گەنم بەسەر ئاشەكاندا دابەش كراوە و 48هەزار تۆن ئاردی لێ دروست دەبێت، كە رۆژی یەكشەممە بەسەر سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێم گوتیشی، ئەو ئاردە، بەشەخۆراكی مانگانەیە و حكوومەتی عێراق دابینی كردووە، كە هەر هاووڵاتیەك 9كیلۆ ئار وەردەگرێت بەمەش نرخی ئاردا لە بازاڕ دادبەزێت.
دەشڵێ، جگە لەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە كڕینی ماددەكانی خۆراك كردووە و تا ئێستا زەیت و ئاردی سفریشی كڕیوە، كە ئاردەكەش رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە توركیاوە دەگاتە هەرێم و بە خۆڕایی بەسەر هاووڵاتیانی هەژار دابەش دەكرێن.
ئەدهەم باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێم هەر جارەو ماددەیەك زیاد دەكات، بۆ ئەوەی ئەوانەی هەژارن، پێویستیان بە خۆراك نەبێت و حكوومەت بە خۆڕایی بەسەریاندا دابەشی دەكات.
بڵند ئیبراهیم