ئەمڕۆ پێنجشەممە 35 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کارەساتی هەڵەبجە، ئەو هێرشەی بە گازی ژەهراوەی لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆری پێشووی عێراق سەدام حسێن کرایە سەر هاووڵاتیانی سیڤیل. لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە 16 ی سێی ساڵی 1988 کاتژمێر نزیکەی 11 ی بەیانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق بە گازی خەردەل، سارین و دەمار هێرشێکی گەورەیان کردە سەر شاری کوردنشینی هەڵەبجە. بەهۆی ئەو هێرشە نزیکەی 5 هەزار کەس لەو شارەی کە 60 هەزار دانیشتوی تێدابوو، لەو ڕۆژەدا کوژران کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و مەزەندەدەکرێت 10 هەزار کەسی تریش بەهۆی کاریگەرییەکانی هێرشەکەوە زیانی تەندروستی درێژخایانیان پێگەیشتبێت. تا ئەمڕۆش ڕزگاربووانی ئەو هێرشە بەدەست بەرزبوونەوەی ئاستی شێرپەنجەی قۆڵۆن و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان، هەروەها ڕێژەیەکی بەرزی لەبارچوون و نەزۆکی دەناڵێنن. لە یادی 35 ساڵەی ئەو کارەساتدا یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاو کردووەتەوە و تیایدا دەڵێت "پاش تێپەڕبوونی سی و پێنج ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ئەم تاوانە، تا ئێستاش نەتوانراوە لەنێو ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا ئەم پرسە وەک تاوانی جینۆساید بەفەرمی بناسرێت و قەرەبووی زیانە گیانی و مادییەکانی قوربانیان بکرێتەوە. بەداخەوە لەسەر ئاستی ناوخۆش،حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پێویست بەدەم داخوازییەکانی قوربانیان نەهاتووە.." یەکێتی نوسەرانی جینۆسایدی کوردستان چەندین داواکاریشی کردووە لەوانەدا دەڵێت " دۆسیەی جینۆسایدی گەلەکەمان بە فراوانی بخرێتە بەرنامەی قۆناغەکانی خوێندن لەهەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا. حکومەتی عێراقی فیدراڵ ناوەڕۆکی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان کە لە ٢٠١٠/١/٢٧ دەرچوە جێبەجێ بکات و تەواوی قەرەبووی زیانە گیانی و مادییەکانی ئەم تاوانە بداتەوە. ھەڵەبجە بە راستی بکرێتە ناسنامەی گەلی کوردستان و بخرێتە ئەجندای دیبلۆماسی بەئامانجی ناساندن." هەروەها داواش دەکات هەوڵ بدرێت " بۆ دادگایی کردنی ئەو کۆمپانیایانەی بیانی کە یارمەتی رژێمی بەعسیان دا لە بەرھەم ھێنانی چەکی کیمیایی و بایەخ بدرێت بە بە توێژینەوەو نوسین و بڵاوکردنەوە بەھەموو زمانەکانی دونیا لەسەر کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھەموو رەھەندەکانیەوە و دەشڵێت با میدیای کوردستانی تەنیا لە ٣/١٦ دا دەنگ و رەنگ ھەڵنەبڕێت. بەبەردەوامی کار لەسەر ئەم ناسنامە بکات." سێ ڕۆژ بەر لە یادی 35 ساڵەی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، بڕیاری تەواوکردنی هەنگاوە ئیداریەکانی پارێزگای هەڵەبجە لە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دراو هەڵەبجە وەک نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق پێناسەکرا. عێراق خاوەنی 18 پارێزگایە و بە زیادبوونی هەڵەبجە وەک پارێزگا دەبێتە 19 پارێزگا، هەموو پارێزگاکان بەشە بودجەی خۆیان هەیە و ساڵانە لە چوار چێوەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بۆیان خەرجدەکرێت و لە بازنەکانی هەڵبژاردنیش کورسی پەرلەمانیان بۆ دابیندەکرێت . لە پاش ئەوە بڕیارە ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانین و جێگەی دەستخۆشییە بۆ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو فراکسیۆنانەی کە کاریان لەسەرتەواو کردنی هەنگاوە ئیداریەکان لە حکومەتی ناوەندی کردووە." پارێزگاری هەڵەبجە ڕۆژی دووشەممە گرنگی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند" ئەم بڕیارە کاریگەری دەبێت لەسەر دابینکردنی بەشە بودجەی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئاوەدانکردنەوە وەک پارێزگایەکی عێراق و دابینکردنی کورسی تایبەت بە ئەنجومەنی نوێنەران بەناوی پارێزگای هەڵەبجەوە تا نوێنەرایەتی هەڵەبجە بکەن لە عێراقدا و کردنەوەی فەرمانگە فیدڕاڵیەکانی سەر بە حکومەتی ناوەند لە پارێزگاکەدا". پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1999 هەڵەبجەی وەک پارێزگا ناساندووە و لە ساڵی 2013 شدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگاکردنەکەی پەسەند کردووە.