هەولێر-KDP.INFO- مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامیکی پیرۆزبایی ئاراستەی حزبی شیعوعی عێراق کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:
بەڕێزان سكرتێر و ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراقی و کوردستانی
بەبۆنەی(86)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی (حزبی شیوعی عێراقی) گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی حزبی شیوعی عێراقی و کوردستانی و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی حزبە تێکۆشەرەکانتان دەكەین، ئومێدەوارین هەمیشە لە پێشكەوتن و سەركەوتن و لە خەبات بەردەوام بن لەپێناو بەدیهاتنی گشت ئامانجە رەواكانی گەلانی عێراق و مافەنیشتیمانی و دیموكراسییەكان و بنیادنانی دوارۆژێكی ئارام و بەختەوەر بۆ سەرجەم گەل و نەتەوەكانی عێراق.
حزبی شیوعی یەكێكە لەو حزبە رەسەنانەی بەدرێژایی كاروانی خەباتی سیاسی و مێژوویی خۆی هەردەم داكۆكیكارێكی دڵسۆز بووە لە مافە رەواكانی خەڵك و ستەملێكراوان و شانبەشانی هێز و لایەنە سیاسیەكانی دیكە دژ بە رژێمە سەركوتكارەكان رۆڵی كاریگەر و گرینگی خۆی بینیوە و لەو رێگایەشدا قوربانی و شەهیدی زۆری داوەو تا ئەمڕۆش لەو رەوتە بەخششدارەیدا هەر بەردەوامە، كە مایەی شانازییە بۆ مێژووی خەباتی ئازادیخواز و دیموكراسیخوازانەی عێراق.
ئەمڕۆ عێراق لەبەردەم بارودۆخێكی هەستیار و گرنگدایە بەتایبەتی پێكهێنانی كابینەی نوێ حکومەتی فیدرالی و ھاوکات رووبەڕوبوونەوەی مەترسیەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆیە پێویستە و ئەركی سەرشانی گشت پارت و لایەنە سیاسیە دڵسۆزەكانە لە هێزە نیشتیمانی و پێشكەوتنخواز و دیموكراسییەكان هاوهەڵوێست بن لەپێناو چارەسەركردنی كێشە و گیروگرفتەكان و تێپەڕاندنی ئەو رەوشە ناھەموارە، دیارە ئەمەش لەرێگای كاركردن بۆ پتەوتركردنی دامەزراوە دەستوورییەكان و چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی و بەرقەراربوونی ئاشتەوایی و سەقامگیریی و یەکدەستی ھاوڵاتیان دێتە دی.
جارێكی دیكە بەبۆنەی (86)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی حزبە تێکۆشەرەکەتان پیرۆزبایتان لێدەكەین و ئاواتەخوازین ئەو دەرفەتە هەوێنی زیاتری یەكڕیزیی و تەبایی و برایی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەكان بێ و، دووبارەش جەخت دەكەینەوە سەر هاوپەیمانیی و دۆستایەتی بەهێز و لەمێژینە و رەگداكوتاوی نێوانمان و سووربوون لەسەر پتەوكردنی پرەنسیپە راست و دروستەكانی خەبات و تێكۆشانی مەدەنیانە و دیموكراسیانە و بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەكانمان.
سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی رێگای ئازادی و سەرفرازی..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
--