ڕوانگەی سوریا: لەسەر ئاگری نەورۆز لە نزیک عەفرین چەکدارانی ئەحرار ئەلشەرقیە 4 کەس دەکوژن

دوایین نوێکردنەوە 2023-03-21 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بەپێی سەرچاوەکانیان لە شارۆچکەی جندرێس لە باشوری ڕۆژئاوای شاری عەفرین، ژمارەیەک چەکداری گروپی ناسراو بە "ئەحرار ئەلشەرقیە" 4 کەسیان کوشتووە و 3 کەسی دیکەیان بریندارکردووە. بەپێی ڕوانگە، ئێوارەی دووشەممە کۆمەڵێک گەنج بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە لە نزیک ماڵەکانیان لە جادەی سەناعە ئاگریان کردووەتەوە، پاشان ژمارەیەک چەکداری ئەحرار ئەلشەرقیە هاتوون و کەوتوونەتە سووکایەتیکردن بە نەورۆز و دواتر بە خوێنێکی سارد تەقەیان لە خەڵکەکە کردووە و لە ئاکامدا 4 کەس کوژراون و 3 کەسی دیکە برینداربوون کە هەموویان ئەندامی خێزانێکن. پاش ڕووداوەکە ناڕەزایی لە نێو خەڵکەدا دەستیپێکردووە و ڕژاونەتە سەر جادەکان و بە دروشمەکانی "ئازادی ئازادی" و "شەهید نامرێ" داوای دەرکردنی ئەو گروپە چەکدارە لە شارۆچکەکەیان دەکەن.