دیجیتال میدیای سپێده
جەزائیر، ئەوەی خستەڕوو کە رێککەوتنی نێوان ئێران و سعوودییە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی بەرگری کردن لە داوای فەلەستین.
وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستوەتەڕوو کە سکرتێری گشتیی وەزارەتی دەرەوە، عەمار بیلانی پێشوازی کردووە لە باڵیۆزی سعوودیە لە جەزائیر، عەبدوڵڵا نوسەیری.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە بیلانی جارێکی دیکە پشتیوانیی جەزائیری بۆ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران، دووپات کردووەتەوە و رایگەیاندووە: "ئەم هەنگاوە ئەرێنییە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا، هەروەها کاریگەرییەکە گەورەی دەبێت لەسەر بەهێز کردنی داکۆکی کردن لە داوای فەلەستین و بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە بەرامبەر ئەو کۆسپ و ئاستەنگانەی دێنەڕێیان".
لە دووی کانووی دووەمی ۲۰۱٦دا سعوودیە ٤۷ کەسی بە تاوان "تیرۆر" لەسێدارەدا کە زانای ئایینی شیعی، نەمر ئەلنەمر، یەکێکیان بوو.
بەرپرسانی ئێران کاردانەوەی توندیان بەرامبەر لەسێدارەدانی ئەلنەمر دەربڕی، دواتر لەلایەن خۆپیشاندەرانی ئێرانەوە باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە شاری مەشهەد، سوتێندران.
بەم شێوەیەش پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان سعوودیە و ئێران کە ماوەی ساڵێکبوو بەهۆی شەڕی ناوخۆی یەمەنەوە ئاڵۆزبوون، بەتەواوی پچڕان.
لە نیسانی ۲۰۲۱دا بەرپرسانی هەردوو وڵات، بە نێوەندگیری عێراق و عوممان، لە شاری بەغداد کۆبوونەوەیەکیان ساز کرد و کۆبوونەوەکان دواتریش هەر درێژەیان هەبوو.
دوای تێپەڕینی حەوت ساڵ تاران و ریاز لە ۱۰ی ئاداردا لە پەکینی پایتەختی چین رێککەوتننامەیەکیان واژۆ کرد کە تایبەت بوو بە دەستکردن بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە ماوەی دوو مانگدا.
لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات، ئەوەیان ئاشکرا کرد کە لە ئایندەیەکی نزکدا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر قۆناغەکە و دیاری کردنی کات.