سلێمانی -KDP.info- قایمقامی قەزای دەربەندیخان ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی حکوومەتی هەریمی کوردستان بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەجێی خۆیدایە و بۆ جێبەجێکردنی ڕینماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاووڵاتیانی دانیشتووی قەزاکە پابەندن و لە ماڵەکانیان دەمێننەوە، بەڕێوەبەری تەندروستیی قەزاکەش دهڵێت کەرەنتینە بەردەوامە و پشکنین بۆ هەرکەسێک دەکرێت کە گومانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لێ بکرێت.
ناسیح عهبدوڵڵا قایمقامی قەزای دەربەندیخان، سەبارەت بە بارودۆخی دەربەندیخان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (كۆڤید 19) لە لیدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "ئەگەرچی لێرەش هاوشیوەی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیەنراوە و کۆنترۆڵی سەرجەم شەقام و ڕێگاوبانەکان و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و هاووڵاتیان کراوە، لە بەرامبەریشدا هەمووان پابەندن بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەریمی کوردستانەوە، هەربۆیە ڕەوشی قەزای دەربەندیخان ئارامە و هیواخوازین ئەم دۆخەش کۆتاییی پێ بێت."
قایمقامی قەزای دەربەندیخان لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "بەخۆشحاڵییەوە ئەو بڕە بودجهیهی کە دابین کرابوو بۆ ڕووبهڕووبوونهوهی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قهزاكهمان ئێستا گەیشتووە بە بانکی دەربەندیخان کە بڕی 200ملیۆن دیناره و ئێمەش تەنها بۆ ئەو مەبەستە سوودی لی وەردەگرین و لە ڕێگەی تیمەکانی تایبەت بە ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ڤایرۆسە ڕێوشوێنی پێویستمان گرتووەتە بەر و ڕۆژانە ئەرکی خۆمان جێبەجێ دەکەین بۆ کۆتاییهێنان و سەرکەوتن بەسەر ئەو پەتایەدا کە تەواوی جیهانی گرتووەتەوە."
ههر دەربارهی ڕێوشوێنهكانی ڕێگری له بڵاوبوونهوهی ڤایرۆسی كۆرۆنا له قهزای دهربهندیخان، د. سازان ئیبراهیم، بهڕێوهبهری تەندروستیی دەربەندیخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "ئێستا تەندروستیی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا جێگیرە و ڕێژەیەکی زۆر تیست بۆ ئەکەسانە کراوە کە بەرکەوتەی توشبووان به ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، به خۆشحاڵییەوە ئەنجامەکەیان نێگەتیف بووە، ئاگاداریش کراون کە دەبێت لە کەرەنتینەدا بمێننەوە و دوای تیپەڕبوونی 14 ڕۆژ بەسەر تێستەکەیاندا، دووباره بۆیان دهكرێتهوه."
بهڕێوهبهری تەندروستیی دەربەندیخان گوتیشی: تەنها 29 تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قەزای دەربەندیخاندا هەن و لەو ڕیژەیەش نزیکەی 4 کەسیان باش بوونەتەوە و گەڕاونەتەوە ماڵهكانیان، هەروەها ڕێنماییی پێویست بۆ خۆپارێزییان پێ دراوە."
د. سازان ئیبراهیم دەربارەی چۆنیهتیی ئەنجامدانی پشکنین بۆ گومانلێکراوان، ڕایگهیاند: "هەرکەسێک بەرکەوتەی لەگەڵ توشبوویهك بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبووبێت، یان هەر نیشانهیهكی ههبێت کە گومانی لێ بکرێت بە زووترین کات پشکنینی بۆ ئهنجام دهدرێت، بەڵام کەسانێک کە خۆیان بیانەوێ ئەو پشکنینە بکەن، دەبێ بە ڕیکاری پێویست بێت.'
بهڕێوهبهری تەندروستیی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەش دا: "له ڕێگای بهڕێوهبهرایهتیی تهندوروستیی سلێمانیهوه ساپۆرت دەکرێین و هاوکاریی پێویستی تەندروستی دەکرێین."
زریان کەمال