ھاتوچۆ سزای ئەو كەسانە ده‌دات مۆبایل لە كاتی شوفێریدا بەكار دێنن

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- لە زۆربەی وڵاتانی جیھان بەكارھێنانی مۆبایل لەلایەن شوفێرانەوە قەدەغەیە و ھەر وڵاتە و سزایەكی بۆ دیاری كردووە، ھاتوچۆی ھەرێمی كوردستانیش دەیەوێ لە رێگەی ئامێرێكەوە سزای ئەو كەسانە بدات، كە لە كاتی شوفێریدا مۆبایل بەكار دێنن.

عەقید ئەسعەد كەریم، گوتەبێژی ھاتوچۆی ھەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی یاسا و رێنماییەكان، بەكارھێنانی مۆبایل لەناو ئۆتۆمبێلدا قەدەغەیە و لە كاتی بەكارھێنانیدا سزاكەی ٤٠ ھەزار دینارە، بەڵام نایشارینەوە كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەی بەكارھێنانی مۆبایل ئەوەندە كارێكی ئاسانیش نییە، چونكە زۆربەی ھەرە زۆری شوفێران بەكاری دێنن".

گوتەبێژی ھاتوچۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ھاتوچۆی ھەرێم لە پلانیدایە رێگری لە بەكارھێنانی مۆبایل بكات و بڕیارە لە رێگەی ئامێرێكەوە ژمارەی مۆبایلی ھەموو ساڵیانەكانی ئۆتۆمبێل بخرێنە نێو ئەو ئامێرەوە و لەلایەن ئەفسەرانی ھاتوچۆە بەكار دێت".

پەیوەست بە جێبەجێكردنی ئەو سیستەمە، عەقید ئەسعەد دەڵێ: "ئەگەر ئەفسەری ھاتوچۆ لە نزیك ئەو ئۆتۆمبێلەوە بێت كە شوفێر مۆبایلی تێدا بەكار دێنێت، ئەوە ھەم ژمارەی مۆبایل و ھەمیش ژمارەی ئۆتۆمبێلەكە لەناو ئامێری بەردەست كارمەندی ھاتوچۆ ھەیە و لە رێگەی ناردنی نامەیەكەوە سزا دەدرێت و نامەیەك بۆ ئەو ژمارە مۆبایلە دەچێت كە سەرپێچیی كردووە".

 

قائید میرۆ