دیجیتاڵ میدیای سپێدە
كورەك تیلیكۆم وەڵامی بڕیاری دادگای دادی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكەینەوە ئێمە لە ئێستادا هەموو بژاردەکان لەبەرچاو دەگرین
كۆمپانیای كۆڕەك تلیكۆم لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاوی كردەوە: بۆ بەرچاوڕوونی بەشداربووانی خۆشەویستی تۆڕی پەیوەندیەكانی كورەك تیلیكۆم سەبارەت بە ئەنجامی بڕیاری دادگای دادی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی(ICC)، دڵگرانی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بەم بڕیارە، وە بەپێویستمانزانی گەلەكەمان دڵنیابکەینەوە بەتایبەتتر بەشداربووانی خۆشەویستمان کەوا كورەك تیلیكۆم وەك هەمیشە بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتگیر بۆ هەموو ناوچەکانی ھەرێمی كوردستان و عێراق.
ئاماژەی بەوەشكرد: كورەك هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە، وە ئێمە لە ئێستادا هەموو بژاردەکان لەبەرچاو دەگرین، لەوانەش هەوڵدان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە، دڵنیاتان دەكەینەوە كە ئەم كێشەیە تەنها بابەتێكی تایبەتی یە لەنێوان خاوەن پشكەكانی پێشوو و ئێستای كۆمپانیا.
كۆڕەك تلیكۆم ئەوەشی خستەوڕوو: ئەم بڕیارە بەهیچ شێوەیەك كاریگەری نییە لەسەر چالاکی و خزمەتگوزاریەكانی كۆمپانیاكەمان، ئێمە لە كورەك تیلیكۆم بەتەواوی پابەندین بە پاراستنی یاسا و ڕێساكان و مافەكانی هەموو لایەك، بۆ ئەم مەبەستە بەشداربووانمان دڵنیا دەکەینەوە کە ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر بەڵێنەکانمان بۆ بەجێگەیاندنی کار و ئەرکەکانمان، وە لە جاران گەرم و گوڕتر دەبین لەسەر بەردەوام بوون و پێشکەشکردنی خزمەتەكانمان.
ئەمەش لەكاتێكدایە رۆژی سێشەممە 21-3-2023 دادگای دادی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی سکاڵایەکی لە دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم یەکلاکردەوە و تێدا بڕیاریدا بە سزادانی کۆمپانیاکە بە بڕی یەک ملیار و 650 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، ئەو بڕیارەی دادگا دوای سکاڵایەکی کۆمپانیای عێراق تیلیکۆم (ئیماراتی) و کۆمپانیای ئینتەرناشناڵ هۆڵدینگ کە سەر بە کۆمپانیای ئەجێلیتییە هات. هەردوو کۆمپانیا سکاڵایان لە دژی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و خاوەنی پشکی سەرەکی کۆمپانیاکە سیروان بارزانی بوو. بەتۆمەتی ئەوەی بووەتە هۆی دەستبەسەرداگرتنی وەبەرهێنانی ئەو دوو کۆمپانیایە، بەبڕی 810 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ سوودی کۆڕەک تیلیکۆم