ههولێر-KDP.info- وهزیری پهروهردهی حكوومهتی ههرێمی كوردستان له پەیامێكدا كه كۆپیهكی بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ناردووه، قوتابیان دڵنیا دهكاتەوه كه خوێندنی ئهمساڵیان نافهوتێت.
له پهیامهكهدا هاتووه؛ مامۆستایانی بەڕێز، قوتابیان و خوێندکارانی ئازیز و، خانەوادە بەڕێزەکانیان، ئەم کاتەتان باش :
پاش ئەوەی لە چوارچێوەی سیاسەتی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجومەنی وەزیران لەپێناو سەلامەتیتان بڕیاری پشووی ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی دا، بە پێویستی دەزانین لە ڕێگای ئەم پەیامەوە جەخت بکەینەوە لە :
۱- لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی ڕێزدار قوباد تاڵەبانی و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران پاش تاوتوێکردنی پلانەکانی وەزارەتمان بڕیار دراوە کە قوتابیان دڵنیا بن لەوەی ساڵی خوێندنیان نافەوتێت .
۲- ئەگەر کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕێگا بدات، هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کە لە ۲ی٥ ناوەندەکانی خوێندن بکەینەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لەو حاڵەتەدا پلان و خشتەکانمان بەم جۆرە دەبێت :
- لە ۱۲ی ٥ی ۲۰۲۰ تا ۲۱ی ٥ی ۲۰۲۰، تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلی ۱۲ی ئامادەیی، بە هەموو بەشەکانیەوە، ئەنجام دەدرێت .
- تەنها بۆ ئەم ساڵی خوێندن تاقیکردنەوەی نیشتمانیی قۆناغی ۹ی بنەڕەتی ئەنجام نادرێت و لەگەڵ پۆلە ناکۆتاکان تاقیکردنەوە دەکەن. بەڵام بەگوێرەی ڕێنمایی و پێویستە بۆردی نمرەی قوتابیان بگەڕێتەوە بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکانی وەزارەت.
- تاقیکردنەوەی وەرزی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان، بە قۆناغی ۹ی بنەڕەتیشەوە، هەروەها پەیمانگاکان و خوێندنی ئیسلامی، لە ۱ی ٦ی ۲۰۲۰ دەست پێ دەکات تا ۱۰ی ٦ی ۲۰۲۰ .
- تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی ئەزموونە گشتییەکان (وەزاری) بۆ قۆناغی ۱۲ی ئامادەیی، بە هەموو بەشەکانییەوە، لە ۲٨ی ٦ی ۲۰۲۰ تا ۲۳ی ۷ی ۲۰۲۰ ئەنجام دەدرێت، بە شێوازێک کە لە هەفتەیەکدا تەنها دوو تاقیکردنەوە ئەنجام دەدرێت .
- تاقیکردنەوەی خولی دووەمی قۆناغی ۱۲ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە لە ۱٦ی ٨ ی ۲۰۲۰ تا ۲٤ی ٨ ی ۲۰۲۰ ئەنجام دەدرێت.
۳- بۆ هەموو قۆناغەکان تاقیکردنەوەکان تەنها لەو بابەتانە ئەنجام دەدرێت کە خوێندراون، یان دەخوێندرێن لەناو قوتابخانە، واتە هیچ بابەتێک بۆ تاقیکردنەوە داخڵ نابێت ئەگەر قوتابیان نەیانخوێندبێت.
٤- وەزارەتی پەروەردە، پاش ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران، خوێندنی ئەلیکترۆنی وەک پاڵپشتیکار و هاوکار و نائیلزامی لە ناوەڕاستی مانگی چوار بۆ قوتابیان فەراهەم دەکات بۆ ئەوەی دانەبڕێن لە خوێندن، هەموو قوتابخانە و پەیمانگا ناحکوومیەکان دەتوانن بە سیستمی ئەلیکترۆنی، یان ئۆنلاینی تایبەت بە خۆیان، بە هەمان شێوەی قوتابخانە حکوومیەکان ئەو جۆرە لە خوێندن فەراهەم بکەن و، هەر قوتابخانەیەکی ناحکوومی کە بە سیستمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنێت، بە کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی، دەتوانێت سوود لە پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی وەزارەت وەربگرێت .
٥- مامۆستایانی وانەبێژیی قوتابخانە حکوومیەکان کە بە هۆی پشووی خۆپارێزیی ناوەندەکانی خوێندن لە وانە وتنەوە دابڕاون، لە بەرچاو دەگیرێن و شایستە داراییەکانیان بەردەوام دەبێت.
٦- پیویستە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکوومی، لەم دۆخەدا پابەند بن بە گرێبەستەکانیان لەگەڵ مامۆستایانیان و شایستە داراییەکانیان وەک لە گرێبەستەکانیاندا هاتووە بۆیان خەرج بکەن.
۷- ئەو پلان و خشتەیەی کە ئاماژەی پێ دراوە لە خاڵی ۲ی ئەم بڵاوکراوەیە، بۆ حاڵەتێکە ئەگەر توانرا لە و کاتەدا دەوامی ناوەندەکانی خوێندن بکرێتەوە، بۆ هەر ئەگەرێکی دیکە، وەزارەتی پەروەردە پلانی ئامادەکراوی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستووەتە ڕوو، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردەر دەبێت لەو بارەیەوە.
بڵند ئیبراهیم