گروپی دەوڵەتی ئیسلامی 15 کەسیان لە سوریا کوشت

دوایین نوێکردنەوە 2023-03-25 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی یا داعش ڕۆژی هەینی، 15 کەسیان کوشتووە کە خەرێکی کۆکردنەوەی دوومەڵانبوون لە ناوچەکانی ناوەڕاستی سوریا کە بەهۆی ململانێکانەوە وێران بووە، و 40 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن. بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگە، لە مانگی شوباتەوە، لانیکەم 150 کەس کوژراون کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنین، بەهۆی هێرشەکانی داعش کە ئەو کەسانەی کردۆتە ئامانج ئەوانەی دوومەڵان کۆدەکەنەوە یان بەهۆی مینی چێندراو کە لەلایەن توندڕەوەکانەوە بەجێهێڵراون. دوومەڵانی بیابانی سوریا لە وڵاتێکدا کە بەهۆی 12 ساڵ شەڕ و قەیرانێکی ئابووریی وێرانبووە، نرخێکی بەرزی بەدەستهێناوە. ڕامی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی ڕوانگە وتی: لانیکەم 15 کەس کە حەوت کەسی مەدەنی و هەشت چەکداری خۆجێیی لایەنگری ڕژێم بوون، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کوژراون. ئاماژەی بەوەشکرد، دوای هێرشەکەی پارێزگای حەما چل کەسی دیکە بێسەروشوێنن. میدیاکانی دەوڵەتی سوریا دەستبەجێ هەواڵی ئەو ڕووداوەیان بڵاونەکردەوە. لە نێوان مانگەکانی شوبات و نیسانی هەموو ساڵێکدا سەدان هاوڵاتی هەژار لە بیابانی فراوانی سوریادا بەدوای دوومەڵان دەگەڕێن، کە حەشارگەیەکی ناسراوی جیهادییەکانە و هەروەها پڕە لە مینی چێندراو. عەلوەخۆرەکان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ کۆکردنەوەی ئەو خواردنە ناسکانە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار هۆشداری لەسەر مین و چەکدارانی داعش دەدرێت. بیابانی سوریا بەناوبانگە بە بەرهەمهێنانی هەندێک لە باشترین جۆری دوومەڵان لە جیهاندا. ئەم دوومەڵانە بەنرخە دەتوانرێت بە 25 دۆلار بۆ هەر کیلۆیەک بفرۆشرێت لە وڵاتێکدا کە تێکڕای مووچەی مانگانە لە دەوروبەری 18 دۆلارە. سەرەتای ئەم مانگە چەکدارانی داعش سێ کەسیان لە باکووری سوریا کوشت و لانیکەم 26 کەسی دیکەشیان ڕفاند، بەپێی ئەو مۆنیتەرە کە پشت بە تۆڕێکی فراوانی سەرچاوەکانی ناو سوریا دەبەستێت. ڕوانگەی سوریا کە بنکەکەی لە بەریتانیایە ڕایگەیاندووە، ئەو هێرشە لە نزیک ئەو پێگانە ڕوویداوە کە هێزەکانی لایەنگری ئێران بەدەستیان هێناوە. چاودێری جەنگ لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو، لە مانگی شوباتدا چەکدارانی داعش بە ماتۆڕسکیلەوە تەقەیان لە ڕاوچیانی دوومەڵان کردووە و لانیکەم 68 کەسیان کوشتووە. دوای ئەوەی داعش دوا پارچە خاکی خۆی لە مانگی ئازاری 2019 لەدەستدا دوای هێرشێکی سەربازی کە لەلایەن هاوپەیمانییەکەوە بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا پشتگیری دەکرا، پاشماوەی ئەو گروپە لە سوریا زۆربەیان پاشەکشەیان کرد بۆ حەشارگەکانی بیابان. لەو کاتەوە ئەو جۆرە حەشارگانەیان بەکارهێناوە بۆ بۆسەدان بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی، هێزەکانی سەرکردایەتی کورد، سەربازانی حکومەتی سوریا و چەکدارانی لایەنگری ئێران، هاوکات هێرشەکانیان لە عێراقی دراوسێدا زیادکردووە. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا