دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی ٤،٢ و ٤،٧ پلە پارێزگاکانی فارس و ئیلام-یان هەژاند و لە پارێزگاکانی بوشەهیر، لوڕستان و خوزستان هەستیان پێ کرا.
بەپێی داتاکانی ناوەندی بوومەلەرزەناسیی نیشتمانیی ئێران، کاتژمێر ٢١:٤٣ بە کاتی خۆجێی بوومەلەرزەیەک بەگوڕی ٤،٢ پلە کە چەقەکەی شاری خێشت بووە، پارێزگای فارسی هەژاندووە.
بوومەلەرزەکە لە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر لە توێکڵی زەویدا روویداوە و لە پارێزگای بوشەهیر هەستی پێ کراوە.
لە لایەکی دیکەیشەوە کاتژمێر ٢٢:٤٣ بە کاتی خۆجێی بوومەلەرزەیەک بەگوڕی ٤،٧ پلە کە چەقەکەی شاری مورموری بووە، پارێزگای ئیلامی هەژاندووە.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئێران بڵاوی کردەوە، بوومەلەرزەکە لە قوڵایی ١٨ کیلۆمەتر لە توێکڵی زەویدا روویداوە و لە هەردوو پارێزگای لوڕستان و خوزستان هەستیان پێ کراوە.
زانیاری نەدراوە لەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکانی بوومەلەرزەکان