بەهۆی ئەو گەردەلوولەی کە کاولکارییەکی زۆری لە ویلایەتی میسیسیپی ئەمریکا و دەوروبەری دروستکردووە و گیانلەدەستدانی ٢٦ کەسی لێکەوتووەتەوە، باری لەناکاو راگەیەندرا.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند کە بەهۆی گیانلەدەستدانی ٢٦ کەس لە میسیسیپی و دەوروبەری لە ئەنجامی هەڵکردنی زیاتر لە ١٠ گەردەلوولی وێرانکەر، باری نائاسایی فیدراڵی لە ناوچەکە راگەیاندووە.
لە کاتێکدا تیمەکانی رزگارکردن لە دووەم رۆژی کارەساتە سروشتییەکەدا بە دوای کەسانی زیندوودا دەگەڕێن لەژێر داروپەردووە رووخاوەکاندا، خەڵکی ناوچەکەش هەوڵی دەرهێنانی کەلوپەلە بە نرخەکانیان دەدەن لەژێر داروپەردووی رووخاوی خانووەکانیاندا.
دانیشتوانی ناحیەی رۆلین فۆرک کە بە گشتیی خەڵکانێکی کەم داهاتن، بەهۆی ئەو کارەساتە سروشتییەوە کە دەگوترێت گەورەترین گەردەلوولی ٥٠ ساڵی رابردووە، هەوڵ دەدەن خانووەکانیان کە زیانی زۆریان بەرکەوتووە نۆژەنبکەنەوە تا تیایدا بژین.
خزمەتگوزاری کەشوهەوای نیشتمانیی (NWS) کە زانیاری دەدات لەبارەی دیاردەکانی کەشوهەوای هاوشێوەی گەردەلوول بڵاوی کردەوە کە ئەو گەردەلوولەی لە رۆڵین فۆرکی داوە توندییەکەی چوار لەسەر پێنج بووە و خێراییەکەی ٣٠٠ کیلۆمەتر بووە لە کاتژمێرێکدا.
لە کاتێکدا بەرپرسانی ئاژانسی بەڕێوەبردنی فریاگوزاری بەپەلەی فیدراڵیی (FEMA) لە تویتەر ئەو هاوکارییانە بڵاودەکەنەوە کە دراوە بە خەڵکە زیانلێکەوتووەکە، فەرمانڕەوای ویلایەتی میسیسیپی، تەیت ریڤێس کە سەربە پارتی کۆمارییە هاووڵاتییانی ئاگادار کردەوە و رایگەیاند: "بەداخەوە کەشوهەوای خراپتر لە میسیسیپی نزیک دەبێتەوە".
خزمەتگوزاری کەشوهەوای نیشتمانیی (NWS)، ئێوارەی ٢٣ی ئادار و پێش دروستبوونی ئەو کارەساتە سروشتییە، هۆشداری دابوو لەبارەی هاتنی گەردەلوولێک بەرەو ناوچەی رۆڵین فۆرک و رایگەیاندبوو: 'لە پێناو پاراستنی گیانتان هەرچی زووە خۆتان حەشار بدەن'.