ئەڵمانیا رەخنەی لە بڕیاری رووسیا گرت بۆ جێگیرکردنی مووشەکی ئەتۆمی لە بێلاڕووس

دوایین نوێکردنەوە 2023-03-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ئێندریا ساس لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا لەبارەی لێدوانی رووسیا بۆ جێگیرکردنی مووشەکی ئەتۆمی لە بێلاڕووس بە میدیاکارانی راگەیاند: "ئەمە وەک چاوسوورکردنەوەیەکی دیکەی ئەتۆمی دەبینین، لێدوانێکی نابەرپرسیارانەیە و بە راشکاوی رەتی دەکەینەوە".

ساس جەختی لەسەر پشتیوانی پێداگیرانەی وڵاتەکەی کردەوە بۆ ئۆکراینا.

سەبارەت بەو هەواڵەی لە میدیاکانی ئەڵمانیایش بڵاو کراوەتەوە کە گوایە ئەڵمانیا ٣٠ دیپلۆماتکاری رووسیا لەم نزیکانە دیپۆرت دەکاتەوە، ساس گوتی: "لەئێستادا شتی وا لە ئارادا نییە".

لای خۆیشیەوە گوتەبێژی حکوومەتی ئەڵمانیا، ستێفن هێبسترایت نیگەرانی خۆی دەربڕی بە تەشەنەسەندنی گرژییەکان لە ئیسرائیل بەهۆی هەوڵەکانی حکوومەتی ئەو وڵاتە بۆ چاکسازیی دادوەری و بە پێویستی زانی پێشنیازە کاریگەرەکانی سەرکۆماری ئیسرائیل، ئیسحاق ھێرزۆگ بەهەند وەربگیردرێن.

هێبسترایت سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە وەک دۆستێکی نزیک دەست وەرنادەنە ناو کاروباری ناوخۆی ئیسرائیل، بەڵام بە نیگەرانییەوە چاودێری رووداوەکانی ئەم دواییە دەکەن لەو وڵاتە.