دیجیتاڵ میدیای سپێده
دوای حەوت ساڵ لە بڕانی پەیوەندییەکانی نێوانیان، شاندێکی سیاسیی بەحرێن سەردانی ئێران دەکات.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی "ISNA" لە چوارچێوەی هەوڵەکانی نێوان تاران و مەنامە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان، شاندێکی سیاسیی لە بەحرێنەوە سەردانی ئێران دەکات.
لە لایەکی دیکەشەوە راگەیاندنەکانی ئێران باس لەوە دەکەن کە دوابەدوای رێککەوتننامەی دووبارە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە، شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی باڵیۆزخانەی ئێرانیان لە مەنامەی پایتەختی بەحرێن کردووە.
دوای ئەوەی لە دووی کانوونی دووەمی ٢٠١٦دا لە سعوودیە ٤٧ کەس بەتۆمەتی پەیوەندیداربوونیان بە "تیرۆر" بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرا و لەنێویشیاندا زانای ئایینی شیعە مەزهەب، نەمر ئەلنەمر هەبوو، باڵیۆزخانەی سعوودیە لە تاران و کۆنسولخانەکەی لە شاری مەشهەد، لەلایەن خۆپیشاندەرانی ئێرانەوە سوتێندرا. دوای رووداوەکانیش پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان تاران و ریاز، پچڕان.
زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی و کەنداو پشتیوانییان لە بڕیارەکەی سعوودیە کرد و بەحرێنیش لە کانوونی دووەمی ٢٠١٦دا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاند.
سعوودیە لە دوای حەوت ساڵ لە پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لە ١٠ی ئاداردا بە نێوەندگیری چین دووبارە پەیوندییەکانی لەگەڵ ئێران دەست پێ کردەوە، دواتریش بەحرێن ئامادەیی خۆی بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئێران راگەیاندبوو.
لەو نێوەندەشدا لە ١٢ی ئاداردا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی نێوان پەرلەمانەکان لە پەرلەمانی ئێران، موجتەبا رەزاخا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی بەحرێن، ئەحمەد موسلیم کۆبووەوە.