هەركی: هەوڵ دەدەین لەم مانگەدا پڕۆژەیاسای چاكسازی پەسەند بكەین

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی كوردستان رایگەیاند: "بۆ خەڵك ئەمڕۆ هیچ پڕۆژەیەك لە پڕۆژەی چاكسازی گرنگتر نییە، بۆیە وەكو فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكە هەوڵ دەدەین لەم مانگەدا پڕۆژەكە پەسەند بكەین".

سەعید هەركی،‌ ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی‌ كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پڕۆژەی چاكسازی، پڕۆژەیەكی زۆر گرنگە، هەم لە رووی ئابووری و هەم لە بابەتی دادپەروەریی كۆمەڵایەتییەوە".

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەمڕۆ بۆ خەڵك هیچ پڕۆژەیەك لە پڕۆژەی چاكسازی گرنگتر نییە، بۆیە وەكو فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ هەموو فراكسیۆنەكانی دیكە هەوڵ دەدەین لەم مانگەدا پڕۆژەیاساكە پەسەند بكەین، ئەگەرنا هەوڵ دەدەین پشووی پەرلەمان كەم بكەینەوە، بۆ ئەوەی هەرچی زووترە پڕۆژەیاساكە پەسەند بكەین".

 

ڕابین شێروانی