دیجیتاڵ میدیای سپێده
بانکی نێودەوڵەتی بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ یەمەن کە بە دەست گەندەڵی و بێکارییەوە دەناڵێنێت، ٢٠٧ ملیۆن دۆلار بەو وڵاتە دەدات.
بانکی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە میانی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی "نەبوونی ئاسایشی خۆراک و نەبوونی خۆراکی پێویست" بۆ یەمەن کە وەک دۆخێکی درێژخایەنی لێ هاتووە رەزامەندی دەربڕدراوە بۆ دابینکردنی هاوکاری بۆ یەمەن بە بەهای ٢٠٧ ملیۆن دۆلار.
لە راگەیەندراوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کە کۆمەڵەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی سەربە بانکی نێودەوڵەتی وەک بەخشین ئەو هاوکارییە بە یەمەن دەدات، بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بۆ ئەو ناوچانەی بە دەست کەمی خۆراکەوە دەناڵێنن.
چاوەڕوان دەکرێت یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار خانەوادەی یەمەنی لەو هاوکارییە سوودمەند بن کە بەهۆی هەڵئاوسانی ئابووری و پێکدادانەکان و کێشە ئاڵۆزەکانی دیکەی یەمەنەوە بە دەست هەژارییەکی زۆرەوە دەناڵێنن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە ٢٠٢٣ نزیکەی ٢١ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس لە یەمەن بە جۆرێک لە جۆرەکان پێویستییان بە هاوکاری مرۆییە.