سەرۆکوەزیرانی نوێی سکۆتلاند لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی نوێژی کرد

دوایین نوێکردنەوە 2023-03-29 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سەرۆکوەزیرانی نوێی سکۆتلاند، هەمزە یوسف کە دوای هەڵبژاردنەکانی حکوومەتی هەرێمی سکۆتلاند بە سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونیدا لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەوادەکەی لە شوێنی مانەوەی فەرمی سەرۆکوەزیران "Bute House" نوێژی کرد و وێنەی نوێژە بە کۆمەڵەکەیش بڵاو کرایەوە.

هەمزە یوسف لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەوادەکەی دوای هەڵبژاردنی بە سەرۆکوەزیران لە پەرلەمان یەکەم نوێژ لە "Bute House" دەکەن و نووسیوویەتی: "وەک ئەوەی نەریتە ئەنجامدانی نوێژ لەگەڵ خانەوادەکەم دوای بەربانگ، چرکەساتێکی تایبەتە".

لە تویتێکی دیکەدا ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ریشی سوناک کۆبووەتەوە، نووسیوویەتی: "بە راشکاوی گوتوومە کە پێویستە لەلایەن حکوومەتی شانشینی یەکگرتووەوە رێز لە داواکارییە دیموکراسییەکانی پەرلەمان و گەلی سکۆتلاند بگیرێت".

هەمزە یوسف کە بە رەچەڵەک پاکستانییە لە دانیشتنی پەرلەمانی سکۆتلاند لە ٢٨ی ئادار بە سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا لە کاتێکدا یەکەم سەرۆکوەزیرانی موسڵمانە لە سکۆتلاند، هەروەها گەنجترین پەرلەمانتار و یەکەمین وەزیری موسڵمانیش بووە لەو وڵاتە. ​​​​​​​