دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئەوەی ئاشکرا کرد کە وڵاتەکەی دژبە هیچ لایەنێک هەماهەنگی سەربازیی لەگەڵ رووسیا نەکردووە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان کە لەئێستادا بە سەردانێکی فەرمی لە رووسیایە، لێدوانی بۆ ئاژانسی هەواڵیی "ISNA" دا.
عەبدوڵڵاهیان دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە ئێران لە بەرامبەر فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، کەلوپەلی تایبەت بە چاودێری و ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە رووسیا وەرگرتووە، رایگەیاند: "بێگومان یەکێک لە رۆژەڤە هاوبەشەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ پرسی هەماهەنگی سەربازییە، بەڵام ئەم هەماهەنگییەمان دژبە هیچ لایەنێک نابێت".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو کە لەگەڵ هاوتا رووسیاییەکەی، سێرگی لاڤرۆڤ پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ دەکەن و دەربارەی دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئیرانیش ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەکەن.
بڕیارە ئەمڕۆ، عەبدوڵڵاهیان لە شاری مۆسکۆ لەگەڵ لاڤرۆڤ کۆببێتەوە.