وەزارەتی نەوتی عێراق: "پەرۆشین بۆ ھەناردکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان"

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پەرۆشی ئەوەن کە ھەناردەکردنی نەوتى ھەرێمی کوردستان لەڕێگای بەندەری جەیھانی تورکیاوە دەست پێ بکاتەوە.

وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی ھەناردەکردنی نەوەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە ئومێد دەکەن بەم زووانە، بگەنە رێککەوتن لەبارەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا ئاماژەی بەوەدراوە کە حکوومەتی عێراق، پەرۆشی ئەوەیە، بە پەلە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لەڕێگای بەندەری جەیھانی تورکیاوە دەست پێ بکاتەوە و ھاتووە "کار لەسەر نزیککردنەوەی تێڕوانینەکان دەکەین لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی".

وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاندووە" دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی، نەرمیمان نواندووە بەئامانجی ئەوەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت بە شێوازی نوێ بەدی بێت، ھەروەھا گفتوگۆ لەسەر پرسە تەکنیکییە ھەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ ھەرێم دەکەین".

وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی داھاتی ئەو بڕە نەوتەی کە بۆ پڕکردنەوەی بووجەی فیدراڵیی رێککەوتنی لەسەر کراوە و رایگەیاندووە کە ئەو پرسە لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکانیان لەگەڵ شاندی ھەرێم گفتوگۆیان لەبارەیەوە کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی نەوتی عێراق پەرۆشی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم نیشانداوە و ئەوەی خستووەتەڕوو، ھەر کاتێک گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی لەبارەی ھەناردەی نەوت، ئەوا رێککەوتنەکە رادەگەیەنن.