دیجیتال میدیای سپێده
لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەران رایدهگهیهنێت،"تكایە لە دەست مافیا دەسەڵاتدارەكانی شاری سلێمانی ڕزگارمان بكەن، ئێمە لە دۆخێكداین، ئەگەر كار وابڕوات، ناچارین دەست لە وەبەرهێنانەكانمان هەڵدەگرین و پەنا بۆ شاری هەولێر و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەبەین".
دهقی راگهیهنراوهكه:
وەك لقی سلێمانی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بە توندی ئەو پەلامارە ناڕەوایەی پەرلەمانتارێكی كوردستان بە ناوی (هاوڕێ مەلا ستار) بە دەیان پاسەوانەوە بۆ سەر وەبەرهێنەرێكی بەڕێز و بە سومعەی شارەكەمان ڕیسوا و شەرمەزار دەكەین.
ئەو كەیسە ماوەی دوو مانگە لای ئێمەیە و هەوڵی چارەسەركردنی دەدەین، بەڵام بەداخەوە ئەو پەرلەمانتارە جگە لەوەی هیچ مافێكی نەبوو، كەچی دەیویست لە ڕێگەی هەڕەشە و چاوسووركردنەوە و زەبر و زەنگەوە بڕی 50 هەزار دۆلار لە كۆی نرخی تەنیا یەك یەكەی نیشتەجێبوون نەدات كە ئەو بڕە بۆ وەبەرهێنەر بڕێكی كەم نییە.
پەرلەمانتار یەكێك لە ئەركەكانی چاودێریكردنی جێبەجێكردنی یاسایە، كەواتە دەبێت خۆی زیاتر لە هەر كەسێكی دیكە، پابەندی یاسا و رێنماییەكان بێت، بەڵام بەداخەوە ئەو پەرلەمانتارە كە بە داخێكی گرانەوە لە یەكێتییەكەی مام جەلالە و هاوەڵزاوای جەنابی كاك بافڵ تاڵەبانیشە، نەك هەر پابەندی یاسا نییە، بەڵكوو ئەو هێز و دەسەڵات و پەیوەندییەی لەگەڵ كاك بافڵی هاوسەرۆكی یەكێتی بۆ هێرشكردن و هەڵكوتانە سەر خەڵكی بەكار دێنێت.
ئێمە لێرەوە هاوارێك بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان دەكەین، تكایە لە دەست مافیا دەسەڵاتدارەكانی شاری سلێمانی ڕزگارمان بكەن، ئێمە لە دۆخێكداین، ئەگەر كار وابڕوات، ناچارین دەست لە وەبەرهێنانەكانمان هەڵدەگرین و پەنا بۆ شاری هەولێر و ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان دەبەین كە تێیدا دەتوانین بە شێوەیەكی سەلامەت، سەرمایەی خۆمان پەرە پێ بدەین و وەبەرهێنان بكەین..
دووبارە داوا لە هەموو لایەك دەكەین، ڕێز لە یاسا بگرن و كۆتایی بەم مافیاگەرییە بێنن كە دەرهەق بە وەبەرهێنەران دەكرێت لە سلێمانی.
لقی سلێمانی
یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان
٢ی نیسانی ٢٠٢٣