دیجیتاڵ میدیای سپێده
رژێمی بەشار ئەسەد بانگەشەی ئەوە دەكات، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر خاڵێك لەنزیك دیمەشق پایتەختی سوریا.
ئاژانسی هەواڵی سانا سەربە رژێم بەپشتبەستن بەزانیارییەكانی سەرچاوە سەربازییەكان، ئاماژەی بەوەكردوە: هێزەكانی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان كردووەتە سەر خاڵێك لەگوندەواری دیمەشق. لەئاكامی هێرشەكەدا، دوو هاووڵاتی مەدەنی كوژراون.
راشیانگەیاندوە: سیستەمی بەرگریی ئاسمانیمان بەرپەرچی مووشەكانی ئیسرائیلیان داوەتەوە وبەشێكیانی تێكشكاندوون. هێرشەكە زیانی بەناوچەكە گەیاندووە.
لەپارێزگاكانی دیمەشق وگوندەوارەی دیمەشق، جگە لەهێزەكانی سوپای ئەسەد، گرووپەكانی سەربە ئێران جێگیر كراون.
دوێنێش رژێمی ئەسەد بانگەشەی ئەوەی كردبوو كەژمارەیەك خاڵ لەدیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون.
لەدەسپێكی جەنگی ناوخۆی سوریاوە لە 2011ەوە تا ئێستا، ناو بە ناو ئیسرائیل هێرش دەكاتە سەر بنكە سەربازییەكانی رژێمی بەشار ئەسەد.