لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، هێزەکانی ئیسرائیل حەوت کەسیان لە قودس شەهیدكردوە و ٧٣٦ کەسی دیکەیشیان دەستگیر کردووە.
لەو راپۆرتەی لەلایەن پارێزگای قودس سەربە فەڵەستین ئامادە کراوە و لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فەرمیی فەڵەستین بڵاو کراوەتەوە، سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، هێزەکانی ئیسرائیل حەوت کەسیان لە قودس شەهیدكردوە.
ئاماژە بەوە دراوە دوو لەو حەوت فەڵەستینییە منداڵ بوون و هێزەکانی ئیسرائیل دەستیان بەسەر تەرمی سێ لەو حەوت فەڵەستینییەدا گرتووە کە یەکێکیان منداڵە، بەم جۆرەیش ژمارەی تەرمی ئەو فەڵەستینییانەی رادەستی کەسوکاریان نەکراونەتەوە گەیشتووەتە ٢٤.
هەر لەو ماوەیەدا، ٥٩ فەڵەستینی بە گولـلەی راستەقینە و گولـلەی پلاستیکی لە قودس بریندار کراون و ٧٣٦ کەسیش دەستگیر کراون کە ١١٠یان منداڵ و ٢٦یان ژنن.
هەر لە میانی ئەو سێ مانگەدا، ١١٧ خانووی فەڵەستینییەکان لە قودس رووخێندراوە. سەرنجیش خراوەتە سەر ئەوەی کە زوو زوو هەڵدەکوترێتە سەر ماڵی فەڵەستینییەکان و پەلامارەکانی جوولەکە نیشتەجێکراوە توندئاژۆکانیش زیادی کردووە. بە جۆرێک لەو ماوەیەدا ژمارەی ئەو جوولەکە نیشتەجێکراوە توندئاژۆیانەی هەڵیان کوتاوەتە سەر مزگەوتی ئەقسا ١١ هەزاری تێپەڕاندووە.
لە راپۆرتەکەدا سەرنجیش خراوەتە سەر ئەوەی کە دامودەزگا ئیسرائیلییەکان بڕیاری دیکەیان داوە بۆ دەرکردنی فەڵەستینییەکان و زیادکردنی پڕۆژەی دروستکردنی یەکەی جوولەکەنشین لە قودس.