دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئانالێنا بێیەربۆک داوای لە رووسیا کرد، واز بهێنێت لە مینڕێژکردنی خاکی ئۆکراینا.
ئانالێنا بێیەربۆک بەبۆنەی "چواری نیسان رۆژی هۆشداری نێودەوڵەتی بەرامبەر بە مین" راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە: "داوا لە رووسیا دەکەم بوەستێت لە مینڕێژکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئۆکراینا. ئەم کارە نەک تەنها دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زیاتر لە هاووڵاتییانی مەدەنی بەڵکو دەبێتە رێگریش لە کاری کشتوکاڵی ژمارەیەکی زۆری جووتیاران و ئەمەش دەبێتە رێگر لەبەردەم کشتوکاڵدا".
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی لەوەش کرد کە رووسیا لەم رێگەیەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خستنەبازاڕی خۆراک و زیادبوونی برسێتی لە جیهاندا.
ئانالێنا بێیەربۆک جەختی لەوەش کردەوە کە دایکان و باوكان لە وڵاتانی وەک بۆسنیا و ھەرزەگۆڤینا، کەمبۆدیا و عێراق دوای تێپەڕینی دەیان ساڵ بەسەر پێکدادانەکاندا تا ئێستاش بەهۆی بوونی مینەوە دەترسن لە یاریکردنی منداڵەکانیان لە دەرەوەی ماڵ.
بێیەربۆک نووسیویشیەتی: "مینەکان بەتایبەت زیان بە هاووڵاتییانی مەدەنی دەگەیەنن و بەمەش دەبنە هۆی لێکترازانی خێزان و کۆمەڵگا. هەر ئەمەش هۆکاری هەوڵەکانمانە لە چوارچێوەی سەرۆکایەتیکردنمان بۆ خولی ئێستای رێککەوتننامەی ئۆتاوا بۆ داماڵینی جیهان لە مین و بەدەستهێنانی پێگەی دووەم وڵاتی پاککەرەوەی مین لەسەر ئاستی جیهان".
رێککەوتننامەی ئۆتاوا لە یەکی ئایاری ١٩٩٩دا خرایە بواری جێبەجێکردنەوە کە تایبەتە بە قەدەغەکردنی بەکارهێنان، بەرهەمهێنان، بەخشین و عەمبارکردنی مین و لەناوبردنی ئەو مینانەشی لەئێستادا هەن. لە سەرەتاشەوە تا ئێستا ئەڵمانیا لایەنگری رێککەوتننامەکە بووە.