ئەمەریکا دەڵێت هێزەکانی ڕابەرێکی باڵای ڕێکخراوی داعشیان لە سوریا کوشتووە

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-04 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا دەڵێت ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئەنجامداوە و تیایدا ڕابەرێکی باڵای ڕێکخراوی داعشیان لە سوریا کوشتووە. سەرکردایەتییەکە لە بەیاننامەیەکدا وتی خالید ئەید ئەحمەد ئەل جبوری بەرپرس بووە لە پلان دانان بۆ هێرشەکانی داعش لە ئەوروپا و پەرەی بە پێکهاتەی سەرکردایەتی ڕێکخراوەکە داوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مانگی دوو بڵاوکرایەوە، ڕێکخراوی داعش لە نزیکەی 5000 بۆ 7000 ئەندام و لایەنگری هەیە لە نێوان سوریا و عێراقدا، نیوەیان چەکدارن. سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا وتی لە هێرشەکەدا هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی بریندار نەبووە، وتیشی ڕێکخراوی داعش " بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش." وتیشی " سەرەڕای ئەوەی پووچەڵ بوونەتەوە، ڕێکخراوەکە هێشتا دەتوانێت ئۆپەراسیۆن لە ناو ناوچەکەدا ئەنجام بدات و ئارەزووی هەیە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هێرش ئەنجام بدات." وتیشی مردنی ئەل جبوری " بۆ ماوەیەکی کاتی تواناکانی گروپەکە بۆ پلانگێڕان بۆ هێرشی دەرەکی تێکدەدات." سەرچاوە/ ڕۆیتەرز