عه‌لی حسین فه‌یلی / كۆمه‌ڵ كوژی تاوانێكه كه هه‌م ده‌توانێ ویژدانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆفایه‌تی ئازار بدات هه‌م له چوارچیوه‌ی مافی جه‌زایی نێونه‌ته‌وه‌یی ببێته ده‌ستمایه بۆ بابه‌تی توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی مافناسانه.
ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵ كوژی بۆ داواكاری گشتی لایه‌نی حقوقی هه‌یه به‌ڵام بۆ من وه‌ك ئینسان و رۆژنامه‌نوسێكی كوردی فه‌یلی ، بابه‌تێكه بۆ گرنگیدان به یادی 43 ساڵه‌ی جینوسایدی پێكهاته‌كه‌م و ده‌رفه‌تێكه بۆ پێداچوونه‌وه به سیاسه‌تی تاوانباره‌كان نه گله‌و گازنده له گه‌لی عیراق چونكو ئه‌وه‌ی له رابردوودا رووی دا دابه‌شینی كۆمه‌ڵگه بوو به‌سه‌ر دووبه‌ره‌دا ، یان له‌گه‌ڵ رژێمی یان دژی.
ئه‌م وڵاته گه‌وره‌ترین كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنای پاساوی هه‌یه لێ بۆ ره‌وابوونی دادگه‌ری به پێی ماف و یاساكانی نێونه‌ته‌وه‌یی، دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و راستیانه گرنگن كه له دادگای باڵای تاوانه‌كاندا به‌شێكیان پشت راست كرانه‌وه تا حه‌قیقه‌ته‌كان بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو پارێزراوبن.
سه‌ددام ئه‌و كه‌سه‌یه له كاتی تاوانه‌كان فه‌رامۆشی كردبوو كه رۆژگار له‌بیری ناكات.
هه‌رچه‌ند په‌تی سێداره كۆتایی به خولیا نه‌گریسه‌كانی هێنا به‌ڵام ده‌بێ وڵامی ئه‌و پرسیاره وه‌ربگرین كه بۆ تاوانێكی وه‌ها گه‌وره له بێده‌نگی كوشنده‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ناوخۆ‌و نێو نه‌ته‌وه‌یی سڕكرا. به‌دڵنیایی قوربانییه‌كانی ئه‌م دۆسیه خه‌ڵكی سفیل وهاووڵاتی ئه‌م نیشتمانه بوون، مامۆستای زانكۆ، پزیشك، خوێندكار، بازرگان، هونه‌رمه‌ند، كرێكار‌و پیشه‌وه‌رو... به نایاسایی و به دوور له یاساورێساكانی داد ، به‌بڕیاری ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سه‌رده‌مه بێسه‌روشوێنكران.
ره‌وایه كه‌سوكاری قوربانییه‌كان بخوازن بزانن:
- بۆ كار به كۆمه‌ڵ كوژی كرا؟
- ئه‌ندامانی ئه‌م پێكهاته‌یه به رۆله‌و باوك و خوشك و برا چۆن بێسهرو شوێنكران و له كوێ نێژراون ؟
- له‌گه‌ڵ ده‌ركردنی به لێشاوی ئه‌و خه‌ڵكه سفیله بۆ هه‌موو به‌ڵگه‌نامه و سامانێكیان لێ زه‌وت كرا ؟
- دواجار چی به‌سه‌ر كوردانی فه‌یلی و كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقی‌دا هات و خه‌ڵك به‌رامبه‌ر به‌م تاوانه و ده‌رهاویشته‌كانی چی‌یان كرد ، بۆ وێنه؛ كاتێك خانه‌واده‌یه‌ك راپێچ و به زۆر ده‌رده‌كرا دراوسێكانی چی‌یان ده‌كرد؟
پاش 20 ساڵ له نه‌مانی تاوانبار‌و دوا نه‌هاتنی نه‌هامه‌تیه‌كانی نیو سه‌ده‌ی ئه‌و تاوانه، ناكرێ ته‌نیا له‌و ته‌فسیرو پاساوه‌دا قه‌تیس بمێنین كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان هه‌ڵگری ناسنامه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و ئتنی (مه‌زهه‌بی) جیاواز بوون كۆمه‌ڵ كوژو بێسه‌روشوێن و ده‌ربه‌ده‌رو ماڵ‌وێران كران .
تاوانی له‌و شێوه ته‌نیا یه‌ك كه‌س ناكاته ئامانج، ئه‌شكه‌نجه ته‌نیا بۆ دانپێدانان( ئیعتراف)ی زیندانی نییه به‌ڵكو بۆ ناچاركردنی كۆمه‌ڵگه‌یه تا بێده‌نگ بێ. له‌سێداردان و بێسهروشوێنكردنیش به هه‌مان چه‌شن. كۆمه‌ڵ كوژییهكه ئه‌م راستیانهمان پێمان ده‌لێ كه ئه‌وكات له عیراقدا چی ده‌گوزه‌را و بۆ به‌شی زۆری عیراقیه‌كان به‌رامبه‌ر تاوانه‌كه بێده‌نگ بوون له كاتێكدا ئه‌و توند‌و تیژی و تاوانكارییانه بۆ وێرانكرندی پایه‌كانی ئاشتی و ته‌بایی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو. كاتێك ئاسه‌واری زۆرینه‌ی خانه‌واده‌ی قوربانییه‌كان به گرتن و ده‌ركردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌روه‌ت و سامانیان بزركرا ئه‌وه به‌و واتایه كه كۆمه‌ڵگه عیراقی به گشتی زیانی پێ كه‌وت.
پاش رووخانی رژێمی به‌عس دادگه‌ری راگوزار هیوای خسته دڵی سته‌ملێكراوان لێ دادگه‌ری ته‌نیا دادگایی كردن و سزادان نییه به‌ڵكو هه‌وڵدانه بۆ دووباره نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و چه‌شنه كاره‌ساتانه .
له دادگای باڵای تاوانه‌كان په‌یوه‌ست به‌م دۆسیه ته‌نیا به‌ره‌ورووی یه‌ك به‌سه‌رهات نه‌بووین به‌ڵكو پلۆرالیزمێك له به‌سه‌رهاته تراژیدیاكانمان بینی كه هه‌ر قوربانییه‌ك سه‌ربورده‌ی خۆی هه‌بوو. پێویسته بۆ دۆزینه‌وه‌ی حه‌قیقه‌ت به‌ره‌و دادگه‌ری بچین و ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ینه حه‌قیقه‌ت به دادگه‌ری ناگه‌ین.
سه‌باره‌ت به جینوسایدی فه‌یلییه‌كان قسه‌ی بیستراو كه‌م و نه‌بیستراو گه‌لێك زۆره . ئه‌م چه‌شنه تاوانی كۆمه‌ڵ كوژییه له كۆمه‌ڵگه‌دا ته‌نیا كۆمه‌ڵ كوژیی قوربانیه‌كان و خانه‌واده‌كانیان نییه به‌ڵكو تراژیدیاێكه ده‌بێ كۆمه‌ڵگه سه‌باره‌ت به‌و قسه بكات و خۆی له شوێنی قوربانی و ته‌نانه‌ت تاوانبار دابنێ!
نیگاركێش و په‌یكه‌رتاشێكی ئه‌لمانی ده‌ڵێ؛ باسی ئه‌وه‌ی بهسهرقوربانیهكاندا هاتووه ته‌نیا پێویستی بۆ یادكردنه‌وه‌یان نییه به‌ڵكو ئامانج رێگرییه له دووباره نهبوونهوی تاوان . ناكرێ له بێده‌نگیدا ته‌ماشاچی بین . بۆ ئه‌وه‌ی داد خوازی نه‌مرێ ده‌بێ به خستنه‌رووی حه‌قیقه‌ته‌كان، هاوكاری ویژدانی زیندووی كۆمه‌ڵگه بین تا ساڵرۆژی تاوانه‌كه ببێته یاده‌وه‌ریێكی میژوویی و به بنیاتنانی نه‌ریتی یادكردنه‌وه و باسكردنی روایهته نه‌وتراوه‌كانی ئه‌و تاوانه ، رێگربین له فه‌رامۆش كردنی.