سوودانی رەهەندەکانی بوودجەی لەگەڵ جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کرد

دوا نوێکردنەوە: 2023-04-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موحسین مەندەلاوی و سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی گرنگی پەسەندکردنی بوودجەیان تاوتوێ کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە دیدارێکدا لەنێوان موحسن مەندەلاوی و محەمەد شیاع سوودانی پێشھاتە سیاسیی، ئابووریی و ئەمنییەکانی عێراق تاوتوێ کراوە.

هەروەها باسی لەوەیش کردووە کە لە دیدارەکەدا گفتوگۆکراوە لەبارەی گرنگی پەلەکردن لە پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی و لەوبارەیەوە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موحسین مەندەلاوی رایگەیاندووە کە لەسەر ئاستی باڵا، ھاریکاری و ھەماھەنگی باش ھەیە لەنێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجیکردن، بۆ ئەوەی بتواندرێت ئەو یاسا گرنگانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ھاووڵاتییاندا ھەیە پەسەند بکرێن.

ئەمەیش لە کاتێکدا ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات کە لە میانیدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی دەکات.