دیجیتاڵ میدیای سپێده
وتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ لە میانی لێدوانێکیدا لە مۆسکۆی پایتەخت باسی لە بوونە ئەندامی فینلاند لە ناتۆ کرد.
دمیتری پێسکۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کارە هەڕەشە لەسەر رووسیا دروست دەکات و رایگەیاند: "بێگومان ئەم رووداوە هیچ خزمەتێک بە سەقامگیری، ئاسایش و بەهێزبوونی کیشوەری ئەورووپا ناکات. ئەمە هەڕەشەی زیاتر لەسەر ئێمە دروست دەکات و ناچارمان دەکات هەموو رێوشوێنێکی ئەمنی پێویست بگرینەبەر بۆ دووبارە هاوسەنگکردنەوەی هەموو سیستەمی ئاسایش. بێگومان ئەمە کەمێک کاتی پێویستە و کارێک نییە بە یەک جار ئەنجامبدرێت. ئەمە قۆناغێکی درێژ دەخایەنێت، بەڵام هەموو کارێک دەکەین لە پێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشماندا".
فینلاند لە ١٨ی ئاداردا لەگەڵ سوید پێکەوە داواکارییان بۆ بوونە ئەندام لە پەیمانی ناتۆ پێشکەش کرد. لە میانی لووتکەی مەدرید کە لە ٢٨-٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا بەڕێوەچوو، فینلاند و سوید رێککەوتننامەیەکی سێقۆڵییان لەگەڵ تورکیا واژوو کرد. هەردوو وڵاتیش بانگێشت کرابوون بۆ بەشداریکردن لەو لووتکەیەی ناتۆدا.
دوای لووتکەکەش زۆربەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ قۆناغی پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید و فینلاندیان دەست پێ کرد، ٢٠ وڵات لە تەمووزدا، چوار وڵات لە ئابدا و چوار وڵاتی دیکەش لە ئەیلوولی ساڵی رابردوودا رەزامەندییان لەسەر ئەندامێتییەکە دەربڕی.
لە کۆتایشدا هەنگاریا لە ٢٧ی ئادار و تورکیا لە ٣٠ ئاداردا ئەندامێتی فینلاندیان لە پەیمانی ناتۆ پەسەند کرد.
دوای کۆتاییهاتنی رێکارە فەرمییەکانیش لە چواری نیسانی ٢٠٢٣دا، فینلاند بە فەرمی بووە ٣١مین ئەندامی ناتۆ.