ئازەربایجان چوار کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێران لە وڵاتەکەی دەردەکات

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-06 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵمیدیای سپێده‌

ئازەربایجان ئاشکرایکرد چوار کارمەندی باڵیۆزخانەی ئێرانی لە وڵاتەکەی وەک کەسانی نەخوازراو ناساندووە و داوای لێکردوون لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان بڵاویکردەوە، باڵیۆزی ئێران لە باکو، سەید عەباس موسەوی بانگهێشتی وەزارەته‌کە کراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە دیدارەکەدا نیگه‌رانی لە رێکارەکانی ئەم دواییەی ئێران لە بەرامبەر ئازەربایجان گەیەندراوەتە سەید عەباس موسەوی.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە بە باڵیۆزی ئێران راگەیەندراوە، چوار کارمەندی باڵیۆزخانەی وڵاته‌كه‌ی کەسانی نەخوازراون له‌لای ئازه‌ربایجان، ئەمەش بەهۆی چالاکییەکانیان کە لەگەڵ کاری دیپلۆماتی یەک ناگرێتەوە.

هه‌روه‌ها لە راگەیەندراوەکەدا داوا لەو چوار کارمەنده‌ی باڵیۆخانەی ئێران کراوە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا ئازەربایجان جێبهێڵن.

رۆژی دووشەممەی رابردووش وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان، باڵیۆزی ئێرانی لە وڵاتەکەی بانگهێشتی وەزارەتەکە کردبوو.