پۆلیسی سوید ناڕەزایی دەردەبڕێت بەرامبەر بە بڕیاری دادگای کارگێڕی کە رێگە بە سووتاندنی قورئان دەدات

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-06 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێدە

پۆلیسی سوید ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە بڕیاری دادگای کارگێڕی کە رێگە بە ئیستیفزارییەکان وەک سووتاندنی قورئان دەدات.

لەو راگەیەندراوەدا کە لەلایه‌ن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ستۆکهۆڵمه‌وه‌ بڵاوکراوەتەوە، ناڕەزایەتی لەبارەی بڕیاری دادگای کارگێری نیشاندراوە کە بڕیاری پۆلیسی پووچەڵ کردووەتەوە بە رێگەنەدان بە دوو کەس بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە مانگی رابردوودا، بە هۆکاری ئەمنی.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ٤ی نیساندا دادگای کارگێری ئەو بڕیارەی پۆلیسی پووچەڵ کردووەتەوە کە رێگەی بە دوو کەس نەداوە قورئانی پیرۆز بسووتێنن، دەزگای پۆلیس هەڵسەنگاندن بۆ ئەو بڕیارەی دادگا دەکات و داواکارییەک بۆ دادگای باڵا بەرز دەکاتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەی دادگای کارگێری".

جێی ئاماژەیە، سەلوان مۆمیکا بە رەگەز عێراقی و کریس ماکۆندۆت بە رەگەز ئەفریقی داواکارییان پێشکەش کردبوو بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق و تورکیا لە ستۆکهۆڵم لە مانگی شوباتی رابردوودا، بەڵام پۆلیس بەهۆكاری ئەمنی رێگریی لەو دوو کردە ئیستیفزازییە کرد.

لە بەرامبەردا سەلوان مۆمیکا و کریس ماکۆندۆت بڕیارەکەی پۆلیسیان بردە دادگای کارگێری و دادگاش ئەو بڕیارەی پۆلیسی پووچەڵ کردەوە.