گرووپە خەباتگێڕەکانی فەڵەستین: دوو هێرشەکەی تەلئەبیب وەڵامێکی سرووشتیی تاوانەکانی ئیسرائیلە

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-08 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

گرووپە خەباتگێڕەکانی فەڵەستین رایانگەیاند، ئەو دوو هێرشەی لە تەلئەبیب ئەنجامدرا، وەڵامێکی سرووشتیی ئەو "تاوانانەیە" کە ئیسرائیل دژ بە مزگەوتی ئەقسا و موسڵمانان ئەنجامیداوە.

پێنج گرووپی چەکداری فەڵەستینی دەربارەی هێرشەکانی تەلئەبیب راگەیەندراویان بڵاوکردەوە.

بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا نووسیوویەتی: "هەمیشە هۆشدارییمان داوەتە ئیسرائیل لە دەرەنجامەکانی هێرشکردنە سەر مزگەوتی ئەقسا، هەوڵدان بۆ بەجوولەکەکردن و دابەشکردنی کاتی و شوێنی، هەمیشە هۆشداریمان داوەتە ئیسرائیل".

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە هێرشەکانی دوژمنی زایۆنیست بۆسەر گەلی فەڵەستین بەتایبەت مزگەوتی ئەقسا، ئاگری شۆڕش لە ناوەوە و دەرەوەی فەڵەستین جۆشدەدات، تەنانەت هەموو ناوچەکەش دەخاتە ئاستی تەقینەوە.

بزووتنەوەی حەماس وێڕای پیرۆزباییکردن لە "قارەمانێتییەکان"ی گروپە خەباتگێڕەکانی کەناری رۆژئاوا، کەرتی غەززە و لوبنان، هاوکات داوای لە ئیسرائیل کردووە هێرشەکانی بۆسەر گەلی فەڵەستین و شوێنە پیرۆزەکان رابگرێت.

گوتەبێژی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی، تارق عیزەددین لە راگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی هێرشەکانی تەلئەبیبی کرد و وەک وەڵامێکی سرووشتی و دادپەروەرانە بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل وەسفیکردن.

تارق عیزەددین نووسیوویەتی: "هێرشەکانی تەلئەبیب گورزێکی کاریگەربوون لە سیستمی سیاسی، سەربازیی و ئەمنی ئیسرائیل و ئەوەیان نیشاندا کە دەستی خەباتگێڕان گەیشتووەتە ناو جەرگەی ئیسرائیل".

بەهەمان شێوە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی رێکخراوی رزگاری فەڵەستین، ماهیر مەزهەر لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە هێرشەکانی تەلئەبیب، بەرئەنجامێکی سرووشتی هێرشەکانی ئیسرائیلە بۆسەر گەلی فەڵەستین و مزگەوتی ئەقسا.

هەروەها بەرەی رزگاری گەلی دیموکراتی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کردووە کە دوو هێرشەکە وەڵامێک بوون بۆ ئەو تاوانانەی ئیسرائیل ئەنجامیداون.

لەلایەکی دیکەوە بزووتنەوەی موجاهیدین دەربارەی ئەم هێرشانە ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئەمە گورزێکی نوێی هێزە خەباتگێڕەکانە بۆ ئیسرائیل و بەم شێوەیەش لەرزۆکی و لاوازی داگیرکەران دەرکەوتووە و بەرپەرچدانەوەی پەلامارەکانی ئیسرائیل بوو بۆسەر قودس، شوێنە پیرۆزەکان و گەلی فەلەستین.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە ئەنجامی ئەو دوو هێرشەی لە تەلئەبیب ئەنجامدران کە یەکێکیان دەستڕێژی گوللە و ئەوی دیکەیان شێلان بوو بە ئۆتۆمبێل، کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوتی دیکەش بریندار بوون.