فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بنکە سەربازییەکانی سوریا دەکەنە ئامانج

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-09 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان ڕۆژی یەکشەممە ئامانجە سەربازییەکانی سوریایان پێکاوە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو موشەکانەی شەوی ڕابردوو ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کراون، ئەمەش دوای هەفتەیەک لە هەڵگیرسانەوەی شەڕو پێکدادانەکان. میدیای دەوڵەتی  سوریا هەواڵی تەقینەوەکانی دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی بڵاوکردەوە لە کاتێکدا کە ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، هێرشەکانیان بۆ سەر خاکی سوریا بەردەوامە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو شەش موشەک ئاراستەی بەرزاییەکانی جۆلان کران. ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، هێرشە ئاسمانییەکان کراونەتە سەر بنکەیەکی سەربازی سوریا و سیستمی ڕاداری سەربازی و تۆپخانەکان. هێزی  بەرگری ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سوپای ئیسرائیل "حکومەتی سوریا بەرپرسیار دەکات لە هەموو ئەو چالاکییانەی لە خاکەکەیدا ڕوودەدەن و (ئیسرائیل) ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نادات بۆ پێشێلکردنی سەروەری خاکەکەی". وەزارەتی بەرگری سوریا ڕایگەیاند، بەرگری ئاسمانی سوریا وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیلی داوەتەوە و بەشێک لە مووشەکەکانی لەناوبردووە. جگە لە زیانی دارایی بەهۆی تۆپبارانەکەوە هیچ زیانێکی گیانی ڕانەگەیەندراوە. ئیسرائیل لە ساڵی 1967 لە جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی بەسەر بەرزاییەکانی جۆلاندا گرت و لە ساڵی 1981دا 1200 کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی کۆنتڕۆڵ کرد، هەنگاوێک لەلایەن زۆربەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە قبوڵ نەکرا. سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەشکردووە، تەنها سێ لەو موشەکانە چوونەتە ناو خاکی ئیسرائیلەوە، دووانیان بەر زەوییە کراوەکان کەوتووە و سێهەمیشیان لەلایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە ڕێگری لێکراوە. تەلەفزیۆنی ئەلمەیادین کە بنکەکەی لە لوبنانە، ڕایگەیاند گرووپی سەرایە ئەلقودس، باڵی چەکداری بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەلەستینی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەرپرسیارێتی هەڵدانی موشەکەکەیان لە ئەستۆ گرتووە. ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو زیاتر لە 30 موشەک لە باشووری لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە کران و ئیسرائیلیش هێرشی  بۆ سەر شوێنەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس لە لوبنان و  کەرتی غەززە ئەنجامدا. سەرچاوە: ڕۆیتەرز