"کۆتایی مانگی ئایار دەنگ لەسەر بوودجەی گشتیی دەدرێت"

دوا نوێکردنەوە: 2023-04-10 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موعین کازمی رایگەیاند کە کۆتایی مانگی ئایاری داھاتوو، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢٣ دەخرێتە دەنگدانەوە.

موعین کازمی کە سەربە فراکسیۆنی فەتحە لە لێدوانیکدا بۆ کەناڵی نیمچە فەرمیی عێراقییە ئاماژەی بەوەداوە کە لیژنەی دارایی جیددیە لە تاوتوێکردن و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی و گوتی: "دوای جەژنی رەمەزان، خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢٣ دەکرێت".

باسی لەوەیش کردووە کە ناڕەزایەتی ھەیە بەرامبەر ئەو بوودجەیەی کە بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکان تەرخان کراوە، چونکە ژمارەیەک لە لایەنەکان پێیان وایە کە بڕی بوودجەی گەشەپێدانی پارێزگاکان کەمە و وەک پێویست نییە.

ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، موعین کازمی ئاشکراشی کردووە کە کۆتایی مانگی ئایاری داھاتوو، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ٢٠٢٣ دەخرێتە دەنگدانەوە.

رۆژی شەشی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی کرد.

لە ١٣ی مانگی ئاداردا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەند کرد و رۆژی ١٧ی ھەمان ئەو مانگە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد.

پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبوو کە قەبارەی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دەگاتە ١٩٧ تریلیۆن و ٨٢٨ ملیار دینار و کورتھێنان لە بوودجەی گشتیی ئەمساڵدا، ٦٣ تریلیۆن دینارە.