بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئامادەیی خۆی نیشانداوە، بۆ ئەوەی ھاوکاری زیاتریان بکات لە بەرامبەر ھەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی نرخی دینار بەرامبەربە دۆلار.
بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە پارێزگاری بانکی ناوەندیی، عەلی موحسن عەلاق لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی ساڵانەی سندوقی نێودەوڵەتیی نەختینە و بانکی نێودەوڵەتیی لە واشنتۆن لەگەڵ جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، براین نیلسۆن کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کراوە لەبارەی ئاسانکاری رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ حەواڵەکردنی دارایی.
باسی لەوەیش کردووە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئامادەیی خۆی نیشانداوە، بۆ ئەوەی ھاوکاری زیاتر بانکی ناوەندیی عێراق بکات لە بەرامبەر ھەوڵەکانی بۆ جێگیرکردنی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار.
لە ماوەکانی رابردوودا نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراقی، ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد، بە جۆرێک ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکاندا، گەیشتە ١٧٠ ھەزار دینار.
لەبەر دوو ھۆکار نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراقی بەرزبوونەوەی تۆمار کرد، یەکەمیان کەمی خستنەبازاڕی دۆلاربوو لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، دووەمیان بردنی دۆلاربوو بە قاچاغ بۆ دەرەوە.
بەڵام دوای ئەوەی بانکی ناوەندیی عێراق فرۆشتنی یەک دۆلاری ئەمریکی بە ھەزار و ٣٢٠ دینار بۆ بانک و دامەزراوە داراییە نابانکییەکان دیاریی کردووە، لەئێستادا، نرخی دۆلار بەرامبەربە دیناری عێراق لە بازاڕەکاندا، روو لە دابەزینە.