سەرچاوەکان: ئێران ئەرکی فریاگوزاری بومەلەرزەکەی بۆ گواستنەوەی چەک بۆ ناو سوریا بەکارهێناوە

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-12 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

نۆ سەرچاوەی جیاواز دەڵێن کۆماری ئیسلامی ئێران هاوکاتی بوومەلەرزەکەی لە تورکیا و سوریای ڕوویدا، بە فڕۆکە بارهەڵگرەکانی تایبەت بە گەیاندنی یارمەتی و کۆمەکەکان ، چەک و کەرەستە و ئامێری تری لەشکریی گواستووەتەوە بۆ سوریای هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی. ئەو سەرچاوە سوریایی، ئێرانی، ئیسرائیلی و ڕۆژئاواییانە دەڵێن، مەبەست لە گەیاندنی ئەو چەک و کەلوپەلە لەشکریانە، تۆکمەکردنی هێڵەکانی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەیە دژ بە ئیسرائیل لە سوریادا و هەروەهاش بۆ بەهێزکردنی بەشار ئەلئەسەد، سەرۆکی سوریایە. دوابەدوای بوومەلەرزەکەی کە لە ڕۆژی 6ی مانگی 2 لە باکوری سوریا و لە تورکیاشی دابوو، سەدان گەشتی ئاسمانی لە ئێرانەوە دەستیپێکرد و فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانەکانی حەڵەب، دیمەشق و لازقییە دەنیشتنەوە و گوایە تەنها یارمەتی و کۆمەکەکان دەگەیەننە ئەو شوێنانەی بوومەلەرزەکە لێی داون لە سوریادا. سەرچاوەکان بە ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە ئەو گەشتە فڕۆکەییانەی ئێران نزیکەی 7 هەفتەی خایاندووە. بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها لە سوریا زیاتر لە 6000 کەس لەو کارەساتە سروشتییەدا گیانیان لەدەستدا.   ئەو کەرەستە لەشکریانەی ئێران گەیاندونیەتە سوریا، ئامێرە پێشکەوتووەکانی پەیوەندیکردن و ڕادار و ژمارەیەک جۆری پارچەی یەدەک بۆ نۆژەن کردنەوەی سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی بوون وەک سەرچاوە خۆجێییەکان و هەروەهاش کارمەندێکی دەزگایەکی هەواڵگریی ڕۆژئاوایی باسی کردووە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز سەبارەت بە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ئەم بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی هەواڵگری ڕۆژئاوا و سەرچاوە نزیکەکان لە سەرکردایەتی ئێران و ئیسرائیل و بەرهەڵستێکی لەشکری سوریا و هەروەها ئەفسەرێکی لەشکری سوریاش قسەی کردووە.   لە پرسیاری ئەوەی ئایا ئێران دوای بوومەلەرزەکان گەشتە فریاگوزاریە مرۆییەکانی بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی بۆ سوریا بۆ فراوانکردنی تۆڕەکەی لەوێ و یارمەتیدانی ئەسەد، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نکوڵی لێکرد و گوتی " ئەمە ڕاست نییە." حکومەتی سوریا وەڵامی داواکارییەکی بۆ لێدوان لەم بارەیەوە نەدایەوە. سەرچاوە هەرێمییەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل بە خێرایی ئاگاداری ڕۆیشتنی چەک بووە بۆ ناو سوریا و هەڵمەتێکی توندی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو وڵاتە دەستپێکردووە. ژەنەڕاڵ یۆسی کوپەرواسەر، کەسێکی ناوخۆیی و بەرپرسی پێشووی لێکۆڵینەوە لە ناو سوپای ئیسرائیل و هەروەها بەڕێوەبەری گشتی پێشووی وەزارەتی کاروباری ستراتیژی وڵاتەکە ڕایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بارەکان پشت بە زانیاری هەواڵگری هێندە تایبەت دەبەستن کە سوپای ئیسرائیل دەزانێت لە نێو کاروانێکی دورودرێژدا کام بارهەڵگر دەکاتە ئامانج. جموجۆڵە بەرچاوەکان بەرپرسێکی بەرگری ئیسرائیل کە داوای کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "لەژێر پەردەی ناردنی هاوکاری بومەلەرزە بۆ سوریا، ئیسرائیل جوڵەی بەرچاوی گواستنەوەی کەرەستەی سەربازیی لە ئێرانەوە بینیوە." وتیشی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەی حەلەبی باکوری سوریا. ئاماژەی بەوەشکرد، بارەکان لەلایەن یەکەی 18000ی لقی سوریای سوپای قودس، باڵی سیخوڕی و نیمچە سەربازیی دەرەوەیی سوپای پاسدارانی ئێران، بە سەرۆکایەتی حەسەن مێهدوی ڕێکخرابوو. ئاماژەی بەوەشکرد، گواستنەوەی کەرەستەکان بە ڕێگای زەمینی لەلایەن یەکەی گواستنەوەی 190ی سوپای قودسەوە بە سەرۆکایەتی بەهنام شەهاریری بەڕێوەبراوە. ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز نەیتوانیوە پەیوەندی بە مێهدوی و شەهاریریەوە بکات بۆ وەرگرتنی زانیاری. سوپای پاسداران ڕەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەوبارەیەوە بدات. کۆلۆنێل عەبدولجەبار ئەکایدی، لادەری سەربازیی سوریا کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوپای وڵاتەکەی هێشتۆتەوە، گوتی " هێرشەکانی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی فەرماندەکانی میلیشیاکانی ئێران و بارەکانی چپی ئەلیکترۆنی بۆ پەرەپێدانی سیستەمی چەک کردە ئامانج." ئاکایدی باسی لەوە نەکردووە کە کۆبوونەوەکە لە کوێ بەڕێوەچووە. سەرچاوەیەکی ناوچەیی ڕایگەیاند، تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی دوو فڕۆکەی بارهەڵگری ئێرانی بە باری چەکەوە نیشتنەوە، ڕێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەی حەلەب لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج. ژەنەڕاڵ ئیسماعیل قائانی، سەرۆکی هێزی قودسی سوپای پاسداران، یەکەم بەرپرسی بیانی بوو کە چووە ناوچەی بوومەلەرزەی سوریا، چەند ڕۆژێک پێش گەیشتنی خودی ئەسەد بۆ ناوچەکە. لە ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی، فڕۆکە فریاگوزارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێگەیان پێدەدرێت داوای مافی نیشتنەوە لە دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بکەن و کاڵا مرۆییەکان لە سزاکان بەخشراون. لەم بارەدا دەسەڵاتدارانی سوریا مافی نیشتنەوەیان بەو گەشتە ڕاستەوخۆیانە داوە کە ڕاستەوخۆ لە ڕووسیا و ئێرانەوە چوون. سەرچاوەیەکی هەرێمی، نزیک لە دەسەڵاتی ڕوحانی ئێرانەوە ڕایگەیاندووە " بوومەرزەکە کارەساتێکی دڵتەزێن بوو بەڵام لە هەمان کاتدا یارمەتی خوا بوو بۆ ئێمە هاوکاری براکانمان لە سوریا لە شەڕیان دژ بە دوژمنەکانیان بکەین. دەستبەجێ ژمارەیەکی زۆری چەک نێردراوەتە سوریا."   سەرچاوە: ڕۆیتەرز