دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ریشی سوناک و سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە ٢٥ەمین ساڵوەگەڕی رێککەوتننامەی بێڵفاست (هەینیی مەزن) لە ئێرلەندای باکوور کۆبوونەوە.
سوناک دوای کۆبوونەوەکە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر رایگەیاند کە لە ٢٥ەمین ساڵوەگەڕی رێککەوتننامەکەدا، خۆشحاڵە بەوەی میوانداری جۆ بایدن-ی کردووە.
ریشی سوناک ئاماژەی بەوە دا کە رێککەوتننامەکە بووەتە هۆی ئەوەی پێگەی ئێرلەندای باکوور پتەو ببێت، نووسیوویەتی: "باری سەرنجم لەسەر ئەوەیە داهاتوویەکی باشتر بۆ (ئێرلەندای باکوور و) سەرتاسەری بەریتانیا بونیاد بنێم".
لای خۆیشیەوە جۆ بایدن دوای کۆبوونەوەکە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر رایگەیاند کە خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت بەوەی پیرۆزبایی لە ٢٥ەمین ساڵوەگەڕی رێککەوتننامەکە دەکات کە بووەتە هۆی خۆشگوزەرانی و ئاشتی لە ئێرلەندای باکوور و جەختی لەسەر پشتیوانییەکانیشیان کردەوە بۆ ئێرلەندای باکوور.
لە رێگای ئەم رێککەوتنەوە کە لە ١٩٩٨ واژووی لەسەر کرا، بنەمای سیستەمی حکوومەتی هەرێمیی لە ئێرلەندای باکوور داندرا کە تاکوو ئێستا کاری پێ دەکرێت.