دەزگای هەواڵی سوریا بڵاویکردەوە وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ میقداد گەیشتۆتە سعودیە، ئەمەش نیشانەیەکە بۆ نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی پەراوێزخستنی سوریا لە ناوچەکەدا، کە چەندین ساڵە پەراوێزخراوە. وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا وتی میقداد لە شاری جەددەی سەر دەریای سوور دابەزیوە، سەردانەکەش دوابەدوای ئەوە دێت هاوتا سعودییەکەی شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعود بانگهێشتی کردبوو بۆ وڵاتەکە. زیاتر لە 10 ساڵە ئەمە یەکەمین جارە دیبلۆماتکارێکی باڵای سوریا سەردانی سعودیە بکات. سەردانەکە دوای ڕێککەوتنێکی نێوان ڕیاز و دیمەشق دێت بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتانی یەکتر. وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەکەیدا وتی " دوو وەزیرەکە باس لە هەوڵەکان دەکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانەکانی سوریا کە تیایدا یەکگرتوویی و ئاسایش و سەقامگیری سوریا بپارێزێت." هەروەها کارئاسانیکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا و دەستڕاگەیشتن بە یارمەتییە مرۆییەکانیش تاوتوێ دەکرێن. دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان گەورەترین پەرەسەندن دەبێت لە جووڵەکانی وڵاتانی عەرەبیدا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەددا، کە لە ساڵی 2011 ەوە و دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و عەرەبییەوە پەراوێزخرا. سوریا لە کۆمکاری عەرەبیشدا دەرکرا، کە ئەوەش وەکو وەڵامێک بوو بۆ سەرکوتکارییە دڕندانەییەکەی ئەسەد دژی خۆپیشاندەرانی وڵاتەکە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز