لە دهۆک لافاو زیانی بە نزيكه‌ى 300 خانوو و شوێنی گه‌شتياریی گەیاندووە

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

به‌هۆى بارانى به‌لێزمه‌ كه‌ له‌ دوێنێوه‌ ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى گرتووەته‌وه‌، لافاو له‌ چه‌ندين ناوچه‌ دروستبووه‌ و له‌ سنوورى پارێزگاى دهۆك زیان بە نزيكه‌ى ٣٠٠ خانوو و شوێنی گه‌شتياریی گەیشتووه‌.

بەپێی ئامارەكانی بەرگری شارستانی پارێزگای دھۆک، زۆرترین زیان بەر قەزای ئاکرێ کەوتووە کە ئاو چووەتە ناو زیاتر لە ١٠٠ ماڵ و دوکان و مزگەوت و دوو شوێنی گەشتیاریی و زیانی ماددیشی بە بەشێک لە خانووەکان گەیاندووە.

هەروەها لە سنووری قەزای بەردەڕەش ئاو چووەتە ناو زیاتر لە ١٠٠ خانوو و هاوکات لە سنووری قەزای شێخان ئاو چووەتە ناو زیاتر لە ٣٠ ماڵ و لە سنووری قەزای ئامێدی ئاو چووەتە ناو زیاتر لە ٢٨ ماڵ و چوار ئۆتۆمبێل زیانی پێ گەیشتووە و سێ ئاشی دروستکردنی تەحین ئاو چووەتە ناویانەوە و زیانی پێگەیاندوون و ٢٢ شوێنی گەشتیاریش ژێر ئاو کەوتوون کە گرنگترینیان ھاوینەھەواری گەلیێ شێرانەیە لە ناحیەی دێرەلۆک کە زیانەکان بە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێن.

بەپێی ئاماری ھۆبەی کەشناسی سەربە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پارێزگای دھۆک کە کۆپییەکی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، زۆرترین باران لە ناحیەی دینارتێ سەربە قەزای ئاکرێ باریووە کە ١١٣.٦ ملم باران باریووە، ئاکرێ ١٠١.٨ ملم، بجیل ٦٧.٥ ملم، گردەسێن ٧٢ ملم، بەردەڕەش ٧٢.٨ ملم، ئامێدی ١٠٥ ملم، دێرەلوک ١٠٥ ملم، سەرسنگ ٨٤ ملم، بامەرنێ ٩٠ ملم، کانی ماسێ ٨٨ ملم، زاویتە ٨٣ ملم، دھۆک، ٣٠.٤ ملم، چەمانکێ ١٠٦ ملم، ئەتروش ٨٧ ملم، قەسرۆک ٧٥.٨ ملم، شێخان ٥٣ ملم، باعەدرێ ٨٣ ملم، باتیفا ٢٧ ملم، دەرکار ٣١.٧ ملم، زاخۆ ١٥.٦ ملم, باتێل ١٥ ملم، سێمێل ١٩.٤ ملم، فەیدیێ ١٩.١ ملم.

بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە ناوچەکە کردووە لاواز دەبێت، ئاسمان بە گشتی نیمچە ھەور و ھەوری تەواو دەبێت و بارانبارینی مامناوەند لە کاتی جیاجیا دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەکان ئاستی دابارین زیاترە و ھەندێک کات تەزرە و لێزمە باران دەبێت.