دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئاژانسی ئەورووپا بۆ پاراستنی سنوور و کەناراوەکان (Frontex) کە بارەگاکەی لە وارشۆ پایتەختی پۆڵەندایە، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا چوونە ناو یەکێتیی ئەورووپا بە رێگای نایاسایی بەراورد بە سێ مانگی سەرەتای ساڵی رابردوو، بە رێژەی سەدا ٢٦ زیادی کردووە و بۆ ٥٤ هەزار کەس بەرزبووەتەوە.
ئاژانسی ئەورووپا بۆ پاراستنی سنوور و کەناراوەکان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەنایاسایی هاتوونەتە ناو یەکێتیی ئەورووپاوە ٣٣٠ هەزار کەس بووە و ئەمەش لە دوای ٢٠١٦ بەرزترین ژمارەیە.
چارەکی یەکەمی ئەمساڵیش زۆرترین کۆچبەری نایاسایی کە ژمارەیان ٢٧ هەزار و ٦٥١ کەس بووە، لەڕێی دەریای ناوەڕاستەوە چوونەتە ناو یەکێتیی ئەورووپا، بەمەش ژمارەی کۆچبەران بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو بە رێژەی سەدا ٣٠٥ زیادی کردووە، زۆرترینی ئەو کۆچبەرانەی کە ئەم رێگایە بەکاردێنن هاووڵاتیی وڵاتانی کۆتدیڤوار، گینێ و پاکستان-ن.
رۆژئاوای وڵاتانی بەلقانیش دووەم رێگایە کە لەلایەن کۆچبەرانەوە بەشێوەیەکی چڕ بەکاردەهێندرێت و لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، بەکارهێنانی ئەم رێگایە بە رێژەی سەدا ٢٢ کەمی کردووە و تەنها ١٤ هەزار و ٨٥٨ کۆچبەر لەم رێگایەوە چوونەتە ناو یەکێتی ئەورووپا. زۆرینەی ئەو کۆچبەرانەشی ئەم رێگایە بەکاردێنن هاووڵاتی سووریا و ئەفغانستان-ن.