ئۆکراینا: لە هێرشە مووشەکییەکانی رووسیا بۆ سەر سلۆڤیانسک پێنج کەس کوژران

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

لە ئەنجامی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای رووسیا بۆ سەر شاری سلۆڤیانسکی ئۆکراینا، پێنج کەس کوژران و ١٥ی دیکەش بریندار بوون.

بەرپرسی ئیدارەی سەربازییی ناوچەی دۆنێتسک، پاڤێل کیریلەنکۆ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە کە نزیکەی کاتژمێر ١٦:٠٠ بە کاتی ناوخۆ رووسیا بە مووشەکی S-٣٠٠ ھێرشی کراوەتە سەر شاری سلۆڤیانسک.

کیریلەنکۆ ئاماژەی بەوە داوە کە لە هێرشەکاندا پێنج باڵەخانە و پێنج خانوو زیانیان بەرکەوتووە و رایگەیاندووە: "زانراوە تا کاتژمێر ١٨.٠٠ پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٥ی دیکەش برینداربوون".

پاڤێل کیریلەنکۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو کە رەنگە حەوت کەس لەناو داروپەردووی باڵەخانەکاندا بن کە پێشبینی دەکرێت یەکێکیان منداڵێک بێت و رایگەیاندووە، تیمەکانی تەندروستی و گەڕان و رزگارکردن بەردەوامن لە کارەکانیان لە شوێنی رووداوەکە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە که رووسەکان "بە شێوەیەکی دڕندانە" شاری سلۆڤیانسکیان بۆردومان کردووە و رایگەیاندووە: "ئەوان ماڵەکانیان کردووەتە ئامانج. بەداخەوە بریندار و کوژراویش هەن".

زێلێنسکی بە ئاماژەدان بەوەی کە رووسیا "رووی راستەقینەی خۆی بە کوشتنی خەڵک لە رۆژی رووناکدا نیشان دا"، راشیگەیاندووە کە لێپرسیەوە لەگەڵ هەموو ئەو هێرشانەی تیرۆر دەکەن و رووسیا بە سزای خۆی دەگەیەنن.