هێرشی ئەلیکترۆنیی کرایە سەر ژمارەیەک ماڵپەڕی ئیسرائیل

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ماڵپەڕەکانی کۆمپانیای نیشتمانیی پۆستە و بانکە گەورەکان و کۆمپانیاکانی کارەبا لە ئیسرائیل کرانە ئامانجی هێرشی ئەلیکترۆنیی.

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی لە مێدیاکانی ئیسرائیل بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەک هاککەر لەژێر ناوی "Anonymous Sudan" هاوکات لەگەڵ رێپێوانەکانی "رۆژی جیهانیی قودس" کە لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو، هێرشیان کردووەتە سەر هەندێک ماڵپەڕ.

بەهۆی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانەوە بۆ ماوەیەکی کەم ماڵپەڕی کۆمپانیای پۆستەی ئیسرائیلی و بانکە گەورەکان کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، هەروەها کۆمپانیای کارەبا لە چالاکی وەستان.

راگەیەندرا کە هیچ داتایەکی گرنگ لەم ماڵپەڕانەدا دزەیان پێنەکراوە کە دوای هێرشەکە دەستیان بە خزمەتگەیاندن کردووەتەوە.

دەسەڵاتی نیشتمانیی ئاسایشی ئەلیکترۆنی رایگەیاند، بەهۆی سیستەمی پاراستنی بەهێزی بانکەکانەوە، هاککەرەکان تەنها دەستیان بەو رووکارە گەیشتووە کە پێشکەش بەکڕیاران دەکرێت و نەیانتوانیووە دزە بە بەڵگەنامە یان دۆسیە ناوخۆییەکان بکەن.

راگەیەندرا کە هێرشە ئەلیکترۆنییەکە نەیتوانیوە زیان بە سیستەمی ناوخۆیی بانکەکان بگەیەنێت.

ئەو گرووپەی کە باسی لێوە دەکرێت رۆژی چواری نیسانیش هێرشێکی ئەلیکترۆنیی کردە سەر ماڵپەڕەکانی ژمارەیەک زانکۆی ئیسرائیلی.