شاندێکی وەزارەتی ئەوقافی ھەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی تێچووی حەج سەردانی بەغدا دەکات

دوایین نوێکردنەوە 2023-04-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە سەربە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ھەرێمی کوردستان، نیاز راغب نەقشبەندی بە مەبەستی دیاریکردنی تێچووی حەجی ئەمساڵ ٢٠٢٣، سەردانی بەغدا دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، نیاز راغب نەقشبەندی بەسەرۆکایەتی شاندێک سەردانی بەغدا دەکات و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، سامی مەسعودی کۆدەبێتەوە.

راشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆدەکرێت لەبارەی تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ، بۆ ئەوەی ھەردوولا لەسەری رێکبکەون.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، دیاریکردنی تێچووی حەجی ئەمساڵ دەخرێتە بەرباس کە بڕیارە دوای کۆبوونەکە، بەشێوەیەکی فەرمی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن بڵاوبکرێتەوە.