دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئێران رایگەیاند کە لە کەنداو دەستی بەسەر کەشتییەکی بیانییدا گرتووە کە یەک ملیۆن و ٤٥٠ هەزار لیتر سووتەمەنی قاچاغی بارکردووە و ١٠ کەسیشی لەسەرنشینانی کەشتییەکە دەستگیرکردووە.
ئاژانسی هەواڵیی "تەنسیم"ی نیمچە فەرمی بڵاوی کردەوە، سەرۆکی داواکاری گشتیی پارێزگای بوشەهر، مەهدی مەهرانگیز رایگەیاندووە کە لە کەنداو ئۆپەراسیۆنیان بۆسەر کەشتییەکی بیانی ئەنجامداوە کە سووتەمەنی قاچاغی بارکردووە.
مەهدی مەهرانگیز باسی لەوە کرد کە لە کەشتییەکەدا دەستیان بەسەر نزیکەی یەک ملیۆن و ٤٥٠ هەزار لیتر سووتەمەنی دیزڵی قاچاغدا گرتووە و ١٠ کەسیشیان لە سەرنشینانی کەشتییەکە دەستگیرکردووە.
ناوبراو زانیاری لەبارەی ئەوە نەخستەڕوو کە کەشتییەکە سەربە چ وڵاتێکە و سەرنشینانیشی هاووڵاتی چ وڵاتێکن.
فەرماندەی ناوچەی دووەمی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران، رەمەزان زیراهی ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لە وڵاتانی کەنداو خاڵی گەیشتنی کەشتییەکە بووە.